دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری هەولێر دەستی پێ کرد

باڵاخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر
باڵاخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر

لە چوارچێوەی بڕیارەکانی سه‌رۆك وه‌زیران مەسرور بارزانی بە پێدانی زەوی بە تەواوی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زەوی بەسەر بەشێک لەو  فەرمانبەرانە دابەش کرا کە مەرجەکان ده‌یانگرێته‌وه‌.

دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕێکارەکانی دابینکردنی زەوی دەستی پێ کرد. دوای تەواوبوونی ماستەرپلانی ھەولێر، یەکێک لە باشترین شوێنەکانی ھەولێر دیاری کرا ئەویش دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی ھەولێر – دھۆک. پێنجشه‌ممه‌، 7ـی تشرینی 2024، زیاتر لە ھەزار و 500 کەس سوودمەند بوون لە پێدانی زەوی و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی سوودمه‌ند ده‌بن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زاره‌ته‌كانی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، پلاندان، کاروکارباری کۆمەڵایەتیین.

له‌م باره‌وه‌، یونس حەسەن، بەڕێوه‌بەری کاروباری یاسایی لە وەزارەتی پلاندانان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: تیروپشكه‌كه‌ پرۆسه‌یه‌كی شه‌فاف بوو و به‌ به‌رچاوی مێدیاكاران به‌ڕێوه‌ چوو و وه‌كوو وه‌زاره‌تی پلاندانان نزیكه‌ی 180 فه‌رمانبه‌ر سوودمه‌ند بوون. 

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، چاوه‌ڕوانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ده‌كه‌ن كه‌ جارێكی دیكه‌ پێداچوونه‌وه‌ له‌و ناوانه‌ ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا ببێته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێشتر سوودمه‌ند نه‌بوونه‌. 

هاوكات، لوقمان مامە، بەڕێوه‌بری کاروباری یاسایی لە وەزارەتی کار به‌ كوردستان24ـی گوت: هه‌زار و 111 فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له‌م پرۆسه‌یه‌دا سوودمه‌ند ده‌بن و به‌ هه‌مان شێوه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانان چاوه‌ڕوانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ده‌كه‌ن كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ ناوه‌كانیان ده‌كاته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر، تیروپشک بۆ سێ ھەزار پارچە زەوی کرا بۆ ئەوەی بەسەر سێ ھەزار فەرمانبەردا دابەش بکرێت.

له‌م باره‌وه‌، بەڕێوه‌بەری (ئای تی) لە سەرۆکایەتی شارەوانیی ھەولێر تایبه‌ت به‌ كوردستان24 قسه‌ی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پرۆسەی تیروپشکی ناوی فەرمانبەران بە سیستەمێکی تایبەتی ئەلیکترۆنی دەکرێت کە ھیچ کەسێک توانای دەستکاریکردن و دەستێوەردانی نییە.

بە پێی ئامادەکارییەکانی ئەو ماستەرپلان و دیزانییەی بۆ ئەو زەوییانە کراوە، شارێکی مۆدێرن دروست دەکرێت کە ئاوی بە ئاسانی پێ دەگات، چونکە نزیک "پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ھەولێر"ـه‌ و شەقامی 30 مەتری و 20 مەتری تێدایە، تەسکترین شەقامیشی 12 مەترییە، ھەروەھا ھەموو خزمەتگوزارییەکی وەکوو: ڕێڕەوی پایسکیلسواری، ڕێژەی سەوزایی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی، بۆ دابین دەکرێت.