رۆژێكی دیكەی پڕگۆڵ لە خولی نایابی كوردستان بەڕێوەچوو
یانەی رزگاری لە یەكەمین یاریی لە مێژووی خولی نایابی كوردستان سەركەوتنی بەدەستهێنا
لە گەڕی یەكەمی خولی نایابی كوردستان، یانەی رزگاری لە یەكەمین بەشداریكردنی لە خولەكە سەركەوتنی بەدەستهێنا، لە یارییەكی پڕگۆڵیشدا ئاكرێ سەركەوتنی لە دژی چوارقوڕنە بەدەستهێنا.
ئاكرێ ـ چوارقوڕنە
یانەی ئاكرێ لە نێو یاریگە و لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی میوانداریی چوارقوڕنەی كرد، لە خولەكی 3 ساڵح موتڵەگ بە ئاسیستی هەورۆ حەمەد خێراترین گۆڵی لەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان بۆ چوارقوڕنە تۆمار كرد، بەڵام لە خولەكی 31 حوسێن فەیسەڵ بەرگریكاری یانەی ئاكرێ ئەنجامەكەی بۆ یانەكەی بادینان یەكسان كردەوە.
پاشان لە خولەكی 36 هەورۆ حەمەد ئەستێرە لاوەكەی چوارقوڕنە گۆڵی دووەمی یانەكەی كرد و نوێنەرەكەی راپەڕینی دیسان پێشخستەوە، بەڵام پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی نیوەی یەكەم لێ بدات، ئیبراهیم حەیدەر بە ئاسیستی ئەركان مەنسور ئەنجامەكەی بۆ ئاكرێ هاوتا كردەوە، هەر لەو نیوەیەدا ئاگرین مەلائاری لە یانەی چوارقوڕنە بە كارتی سوور كرایە دەرەوە.
هەر لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم، ئاكرێ سوودی لە كەمی ژمارەی یاریزانانی ئاكرێ بینی و لە خولەكی 46 ئەركان مەنسوڕ گۆڵی سێیەمی یانەی ئاكرێی تۆمار كرد، پاشان لە خولەكی 66 سەڵاح حەسەن بە ئاسیستی رەفیق ئەمینۆ گۆڵی چوارەمی بۆ پاڵەوانەكەی وەرزی رابردووی خولی نایاب كرد.
لە كۆتاییەكانی یارییەكەش گەیلان بوڕهان گۆڵی سێیەمی بۆ چوارقوڕنە تۆمار كرد، بەڵام ئەم گۆڵە نەبووە فریادڕەس و نەیتوانی یانە سەوزپۆشەكەی دەڤەری ڕاپەڕین لە شكست رزگار بكات، بەمەش یارییەكە لە بەرژەوەندی ئاكرێ بە 3 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك كۆتایی هات.
رزگاری ـ زاخۆ
رزگاری لە یەكەمین بەشداریكردنی لە خولی نایابی كوردستان میوانداریی یانەی زاخۆی كرد، لە خولەكی 39 محەمەد حەمید یانەی رزگاری كردە خاوەنی یەكەمین گۆڵ لە مێژووی خولی نایابی كوردستان، هەمان یاریزان لە خولەكی 66ـی نیوەی دووەم گۆڵی دووەمیشی بۆ رزگاری زیاد كرد.
پاشان بەرهەم حوسێن لە خولەكی 79 گۆڵی سێیەمی بۆ رزگاری تۆمار كرد.
لە كۆتاییەكانی یارییەكەش دۆس سانتۆ تاكە گۆڵەكەی زاخۆی تۆمار كرد، بەڵام ئەم گۆڵە نەیتوانی زاخۆ لە یەكەمین شكستی ئەم وەرزە رزگار بكات.
رانیە ـ برایەتی
رانیە سەرەڕای بوونی كۆمەڵێك كێشەی دارایی و لێكترازان و بایكۆتی بەشێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێری، بەڵام لە یەكەمین یارییان لەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان بە گۆڵێكی دیار عەلی ناسراو بە حەمكە یەكەمین سەركەوتنیان بەرامبەر برایەتی تۆمار كرد، هەر چەندە یارییەكەشیان لە نێو یاریگەی سەنگەسەر و لە دووری هاندەرانیان ئەنجام دا، بەوپێیەی یاریگەی رانیە رێگەپێدانی بۆ یارییەكانی ئەم وەرزە پێنەدراوە، بەهۆی بوونی كەموكورتی لە یاریگەكەیان.