وەزارەتی تەندروستی: سەرچاوەی نەخۆشییەکەی شارەزوورمان دۆزیوەتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی (ڕاست) و تووشبوویەکی نەخۆشییەکەی شارەزوور (چەپ)
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی (ڕاست) و تووشبوویەکی نەخۆشییەکەی شارەزوور (چەپ)

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند "ئاوی پیسی ماڵان زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتیی شارەزووری تووشی سکچوون و ڕشانەوە کردووە." دووپاتیشی کردەوە "ئێستە ژمارەی تووشبووان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە." 

شەممە، 09-11-2024، د، سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بـە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە چوارشەممەی ڕابردووەوە، 06-11-2024، تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی دوێنێ هەینی، 08-11-2024، نزیکەی دوو هەزار و 200 کەس لە شارۆچکەی شارەزوور (هەڵەبجەی تازە) تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون." 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی دا لەوەی "هیچ یەکێک لەو حاڵەتانەی تۆمارکراون مەترسیدار نەبوونە و هیچ کەسێک بەوهۆیەوە نەمردووە؛ بەشێکی تووشبووان پێویستییان بە مانەوە لە نەخۆشخانە نەبووە، زۆرینەشیان دوای یەک دوو کاتژمێر مانەوە و وەرگرتنی چارەی پزیشکی لە نەخۆشخانە، گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان."

لەبارەی ژمارەی تووشبووان، سورچی گوتی: "لە دوێنێ هەینییەوە، 08-11-2024، بەخۆشحاڵییەوە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە شارەزوور، تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەش کرد "هەندێک کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندن ئاماری ناڕاستیان لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی شارەزوور بڵاو کردووەتەوە کە تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون، ئەمەش هاووڵاتییانی تووشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی کردووە." 

بە گوتەی سورچی "ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو لیژنەیەی وەزارەتی تەندروستیی بۆ بەدواداچوون بۆ هۆی تووشبوونی هاووڵاتییان بەو نەخۆشییە پێکی هێنابوو، دەریان خستووە، هۆی سەرەکیی تووشبوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییانی شارەزوور بە سکچوون و ڕشانەوە 'ئاوی پیسی ماڵان' بووە." 

دوای دەستنیشانکردنی سەرچاوەی نەخۆشییەکە، وەکوو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتەکە باسی کرد "هۆشداریی تەندروستیی دراوەتە هاووڵاتییانی شارەزوور و دەوروبەری و نزیکین لەوەی بە تەواوی کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بکەین."

وەزارەتی تەندروستی، بە گوتەی گوتەبێژەکەی "بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، دەرمان و پێدوایستیی پزیشکیی پێویستی بۆ نەخۆشخانەکانی شارەزوور دابینکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشییە."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاووڵاتییانی شارەزوور و دەوروبەری کرد "تا ئەو کاتەی دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکەین، ئاوی تانکی ماڵان بەکار نەهێنن بۆ ئەوەی تووشی سکچوون و ڕشانەوە نەبن، ئەگەر بەکاریشی بهێنن، پێویستە سەرەتا بیکوڵێنن."