فازڵ میرانی: خەڵکی کوردستان بە دەنگەکانیان شکستیان بە پیلانێک دژی کوردستان هێنا
فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی "بۆ هەمووانـی کوردستان24 گوتی: خەڵکی کوردستان بە دەنگەکانیان شکستیان بە پیلانێک دژی کوردستان هێنا.
شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی "بۆ هەمووانـی کوردستان24 کە سەهێن موفتی پێشکەشی دەکات گوتی: هیچ ڕێککەوتێک بەبێ سازش ناکرێت، گوتیشی تاوەکو زووتر حکوومەت پێکبهێنرێت باشترە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە، پێویستە ئامانجی لایەنەکان گەل و نیشتمان بێت، چونکە هەموو لایەنەکان لەم وڵاتە شەریک و هاوبەشی یەکترن.
فازڵ میرانی ڕایگەیاند: دۆستەکانمان چاوەڕێی ئەوە دەکەن زوو حکوومەت پێک بێت، گوتی:سەرکەوتن بەرپرسیاریەتییە و هەڵبژاردن تەنها بۆ کورسی نیە، بەڵکو بۆ بەرجەستەکردنی دیموکراسییە.
گوتیشی: پارتی مەجبوورە دەرگای واڵا بێت، چونکە بەرپرسیارێتی لەسەر شانە، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە پارتی ئەسیری مێژوو و جوگرافیایە، بەدیلی پارتیش تەنها دروستکردنی حکوومەتە.