ئەو تەوەرانە چین کە سوودانی لە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسان تاوتوێی دەکات؟

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: هەفتەی داهاتوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرکردەکان کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: هەفتەی داهاتوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

 جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە داوە، پرسی بودجە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ئاسایش تەوەری سەرەکی ئەجێندانی گفتوگۆکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

دەشڵێت: ئەم سەردانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکی گرنگدایە، بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، گرژییە هەرێمییەکان و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە ئەمەریکا.

جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە گفتوگۆکانی پێشووتری لەگەڵ سوودانی داوای چارەکردنی دواکەوتنی بودجەی لە بەغداوە کردووە، چونکە بڕوای وایە، ئەمە ڕێگە بە هەردوو حکوومەت دەدات سەرنجیان بخەنە سەر پرسە ئابوورییە لە پێشینە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا، لەوانەش؛ وزە، بازرگانی هەرێمی و قەرزی گەرەنتیکراوی دەوڵەت بۆ کۆمپانیاکان لە سەرانسەری وڵاتدا.