گرفت بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ دروست دەکرێت
هەرچەند لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ دەستی پێکردووە، بەڵام هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئاستەنگی بۆ دروست بکرێت لە کاتێکدا پرۆژەکە بۆ شارەکە گرنگە و گرفتی کەمئاوی 400 هەزار کەسی ناوچەکە چارە دەکات.
کار لە پرۆژەیەکدا دەکرێت کە ساڵانێکە هاووڵاتییانی چەمچەماڵ و تەکییە و ئاغجەلەر خەونی پێوە دەبینن، چونکە ئەو پرۆژەیە دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە گرفتێک ڕزگار دەکات کە زیاتر لە 10 ساڵە هەیانە ئەویش کەم ئاوییە.
پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ، لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵەوە کارکردن تێیدا دەستی پێکردووە و بڕیارە لەماوەی دوو ساڵدا کارەکانی تەواو ببێت، پرۆژەکە سێ حەوزی گەورەی ئاوی تێدایە، یەک لە حەوزەکان 15 هەزار مەتر سێجا ئاو دەگرێت و حەوزەکانی دیکەش قەبارەیان جیاوازە.
بەڕێوەبەری پرۆژەکە دەڵێت: گوژمەی جێبەجێکردنی 114 ملیار دینارە، ئێستە لە سەدا5ـی کارەکانی تەواو بووە، دەبوو 11 ملیاریان لەو بڕە پارەیە وەربگرتبایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەکە لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانییە، هیچیان وەرنەگرتووە.
بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی چەمچەماڵ دوو هەفتە جارێک ئاویان بۆ دێت، بەتایبەتیش لە وەرزی هاویندا، بۆیە پرۆژەکە کێشەی بێ ئاوی زیاتر لە 400 هەزار کەسی ناوچەکە چارە دەکات، بەڵام هاووڵاتییان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵ دەدرێت گرفت بۆ ئەنجامدانی پرۆژەکە دروست بکەن.
هاووڵاتییەک گوتی: چەند جارێک ئەو پرۆژەیە پارەی بۆ دابینکرا، بەڵام لەوە دەچێت بە مەبەست ئاستەنگ بۆ ئەو پرۆژەیە دروست بکرێت لەگەڵ ئەوەی زۆر پێویستە بۆ شارەکە، یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچی خەڵکی شارەکەش لە بێ ئاویە.