"پۆرتاڵی کار" کارا کرا

پۆتاڵی کار- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
پۆتاڵی کار- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

کاتژمێر 10:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، 10-11-2024، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان، کاراکردنی "پۆرتاڵی کار"ـی ڕاگەیاند کە تایبەت بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان. 

نەزمی مووسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پۆرتاڵی کار، پرۆسەیەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ خاوەنکاران جێبەجێ دەکرێت، تا هەلی کاری خۆیانی تێدا ڕابگەیەنن. هەروەها کارخوازانیش بەپێی بوونی ئەزموون و شارەزایی خۆیان دەتوانن لە رێگەی پۆرتاڵەکە کاری دڵخوازی خۆیانی تێیدا بدۆزنەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا تەنیا کەرتی تایبەت لەو پۆرتاڵە بەشدارن و هەلی کاری خۆیان تێدا ڕادەگەیەنن، هاوکات هیواخوازە لە داهاتوودا کەرتی گشتی (حکوومی)ـش، بێنە ناو پۆرتاڵەکە و هەلی کار لە وەزارەتەکاندا بۆ هاووڵاتییان بڕەخسێنن.

نەزمی مووسا، گوتیشی: "ئێمە وەک وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ئەو پۆرتاڵەمان بە خاوەنکاران ئاشنا کردووە". ڕوونیشی کردەوە: "کارخوازان دەتوانن لە پێشانگەکە سەردانمان بکەن، لەوێدا تیمەکانمان هەژمارێکى تایبەتی بەخۆڕاییان بۆ دروست دەکەن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکى ئاسان بەدواى کارى دڵخوازى خۆیان بگەڕێن."

لینک: پۆرتاڵی کار