پێشەوا هەورامانی: سەردانەکەی سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ و ئەرێنییە
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر بە "گرنگ و ئەرێنی" ناو دەبات و دەڵێت، لە سەردانەکەیدا "لەسەر کۆی کێشە هەڵپەسێردراوەکان گفتوگۆ دەکرێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-11-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "کۆتایی ئەم هەفتەیە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات". وەکوو خۆی گوتی "سەردانەکە پەیوەندیی بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە هەیە."
بە گوتەی هەورامانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆ دەبێتەوە. لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکەش، باسی لەوە کرد "چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر کۆی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ بکرێت".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانەکەی سوودانیی بە "گرنگ و ئەرێنی" ناوبرد و ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو لێکتێگەیشتنە باشەی لە ماوەی ڕابردوودا لەنێوان هەردوو سەرۆک وەزیران سوودانی و مەسرور بارزانیدا هەبووە، لە خزمەت چوونە پێشەوەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی و حکوومەتی فیدراڵ بوو."
سوودانی لەوەتەی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق سێ جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دواهەمین جار، ڕۆژی 09-11-2023 بوو.