سوپای عێراق جووتیارێکی سەرگەڕانی دەستگیر کردووە و کشتوکاڵیش قەدەغە دەکات
سوپای عێراق گوندەکانی سنووری سەرگەڕانی گەمارۆ داوە و چوار ڕۆژە جووتیارێکی کوردیشی دەستگیر کردووە.
چەند ڕۆژێکە بە بڕیاری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، کاری کشتوکاڵی لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانی کەرکووک قەدەغە کراوە. هاوکات لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە، 07-11-2024، جووتیاریکیش بە ناوی "تەڵعەت کانەبی عەبدوڵڵا" خەڵکی گوندی "شناغە"ـی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیر کراوە و تاوەکوو ئێستە ئازاد نەکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-11-2024، ئەحمەد کانەبی، برای جووتیارە دەستگیر کراوەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "چوار ڕۆژە براکەم دەستگیر کراوە و لەسەر خاک و زەوی خۆمان بەنیازن دادگایی بکەن". گوتیشی: "چەند ڕۆژێکە سوپای عێراق گەمارۆی گوندی شناغە و گوندەکانی دیکەی سنوورەکەی داوە و هەر جووتیارێک تەنانەت بچێتە سەر زەوی و زارەکەشی دەستگیری دەکەن".
ئەحمەد کانەبی لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە داوای کرد بە زوویی دۆخی جووتیارانی سنوورەکە چارە بکرێت و گێچەڵی سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەیان لێ دوور بخەنەوە "بە پێچەوانەوە کارەسات ڕوودەدات، چونکە ئێمەی جووتیارانی کورد دەستبەرداری زەوییەکانمان نابین و هەر چییەک ڕووبدات، کاری خۆمان دەکەین و گوێ بە هیچ بڕیارێک نادەین".