تۆمەتباری کوشتنی هاووڵاتییەکەی کۆیە دەستگیر کرا
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوشتنی هاووڵاتییەکەی قەزای کۆیە ڕادەگەیەنێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو، 09-11-2024، لە گەڕەکی زانست لە قەزای کۆیە، بە هۆکاری بوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هاووڵاتی (ص. ع. أ.) لە ڕووداوێکی تەقەکردن گیانی لەدەست دا.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان دەستی پێ کرد و لە ماوەیەکی کەمدا تۆمەتباری ڕووداوەکە بەناوی ( م. ج، ع. ) تەمەن 22 ساڵ دەستگیر کرا.
لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە دادگای لێکۆڵینەوەی کۆیە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.