هانزی فلیك بە ئاستی یانەیەكی لالیگا زۆر سەرسامە

"چاڤی کاتی خۆی یاریزانێکی زۆر باش بوو، خزمەتێکی زۆری بۆ بارسێلۆنا کردووە"

هانزی فلیك راهێنەری بارسێلۆنا
هانزی فلیك راهێنەری بارسێلۆنا

بارسێلۆنا دوایین راهێنانی بۆ رووبەڕبوونەوەی ریال سۆسیداد ئەنجام دا، بەڵام لە راهێنانەکان دانی ئۆڵمۆ نەبینرا و ئەو یاریزانە بەهۆی پێکان بەشداری نەکرد، لە بەرامبەردا پاو کۆبارسی جەنگاوەرە لاوەکەی هێلی بەرگری، بە بێ کێشە بەشداری راهێنانەکان دەکات، راهێنەرە ئەڵمانییەكەی بارسێلۆناش دەڵێت: زۆر بە ئاستی ریال سۆسیدا سەرسامم.
کۆبارسی سەرەڕای پێکانەی قورس و مەترسیدارەکەی یاریی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ، بەڵام بەبێ کێشە و بە ماسکێکی تایبەت بەشداری راهێنانەکانی یانەکەی کرد، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، بۆ یارییەکەی بەرامبەر سۆسیداد، سەرکردایەتی هێڵی بەرگری یانەکەی دەکات.
هانزی فلیک راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، دادپەروەرانە نیە بەراوردی ئەو و چاڤی دەکەن، هەروەها گوتیشی زۆر لە شێوازی یاریکردنی ریاڵ سۆسیداد سەرسامە.

لێدوانەكانی هانزی فلیک پێش یارییەكەی ئەمشەو
''ئێمە تاوەکو ئێستا ئاست و ئەنجامەکانمان زۆر باشن و هیوادارم لەسەر ئەم شێوازە بەردەوام بین، یاری ئەمجارەمان بەرامبەر ریاڵ سۆسیدادە، بەراستی زۆر بە ئاستی ئەو یانەیە سەرسامم، ئەوان لە یارییەکان ئاستێکی باش پێشکەش دەکەن، لەرووی توانای جەستەییش زۆر باشن. بەراورد کردنی نێوان من و چاڤی کارێکی باش نیە، رێزێکی زۆرم بۆ چاڤی هەیە، کاتی خۆی یاریزانێکی زۆر باش بوو و خزمەتێکی زۆری بۆ بارسێلۆنا کردووە''.

ئامارەكانیان لە مێژوو
بارسێلۆنا 15 یارییە لەسەر یەک لە لالیگا بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، لەو 15 یارییەش 12 یاریی براوە بووە و هەروەها تەنها لە یەک یاریی دۆڕاون، دۆڕانەکەشیان دوو وەرزە لەمەوبەر لە یاریگای خۆیان بووە.
یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا، لەوەتەی مانگی نیسانی ساڵی 2016 کە دەکاتە زیاتر لە هەشت ساڵ، لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە یاریگای ریاڵ سۆسیداد نەدۆڕاوە، لەو کاتەوە 9 یارییان لە یاریگای سۆسیداد کردووە و لە حەوت یاری براوە بووە و لە دوو یاریش بەرامبەربوونە.