باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکەی مانگی ڕابردووی بەغدا بڵاو کردەوە

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی ڕابردوو، هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەیەکی دیپلۆماسییان و زانیاریی ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراقیش ڕەت دەکاتەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-11-2024، نووسینگەی گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ڕۆژی سێشەممە، 01-10-2024، هێزێکی نەناسراو  هێرشی کردە سەر دامەزراوەیەکی دیپلۆماسیی ئەمەریکی لە بەغدا کە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە و پرۆسەی هەڵسەنگاندنی زیانەکانیش هێشتا بەردەوامە". 

باڵیۆزخانەکە دەنگۆی ژمارەیەک لە میدیاکانی عێراق ڕەت دەکاتەوە گوایە هێرشەکە کرابێتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکی بە ناوی "کامپ ڤیکتۆری" لە بەغدا و ئاماژەی بەوە کردووە "ئەو زانیارییانە نادروستن" بەوپێیەی ساڵی 2011 ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەو بنکە سەربازییەی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردووە و "ئێستە هیچ سەربازێکی ئەو وڵاتە تێیدا نییە".

بە گوێرەی ڕوونکردنەوەکە، ئەو شوێنەی هێرشی کراوەتە سەر "دامەزراوەیەکی سەربازیی ئەمەریکی بووە کە دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا". باڵیۆزخانەکە داواش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات "زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی ئەم ڕاستییە بێت".