شارەزایەکی کەشناسی: پێشبینی دەکرێت تاوەکو درەنگانی شەو باران بەردەوام بێت

شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەو شەپۆلە بارانەی ئەمڕۆ دووشەممە، تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت، هەروەها شەپۆلە بارانەکە لە چەند ناوجەیەکی هەرێمی کوردستان چڕ دەبێت.

محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله‌ بارانە،‌ به‌هۆی دروستبونی كه‌شێكی ناسه‌قامگیربووه‌، کە له‌ ده‌ریای سووره‌وه‌ گەیشتووەتە ناوچەکانمان و سه‌نته‌ری دروستبوونی هه‌وره‌كانیش له‌نێوان سعوودیه‌ و عێراق بووه‌".

محەممەد کەمال گوتیشی: "پێشبینی دەکرێت كاریگه‌ری شه‌پۆله‌ بارانەکە‌ كورت خایه‌ن بێت‌ و ‌ تا دره‌نگاكێكی ئه‌مشه‌و به‌رده‌وام بێت، دواتر كۆتای پێدێت". 

شارەزاکەی کەشناسی دەشڵێت: "شه‌پۆله‌ بارانه‌كه‌ سه‌رانسه‌رییه‌ به‌ڵام له‌م ناوچانه‌ی وەک (سلێمانی، نێوان كه‌ركووك و سلێمانی، خۆرهه‌ڵاتی هه‌ولێر، ئیداره‌ی ڕاپه‌رین سۆران و هه‌ڵه‌بجه‌) چڕ دەبێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، له‌م شه‌پۆله‌ پێشبینی به‌فربارین ناكرێت به‌ڵام شه‌پۆلی داهاتوو به‌ڵێ ئه‌گه‌ری به‌فربارین هه‌یه،‌ ئەویش له ‌ناوچه‌ شاخاویه‌كانە، كه ‌ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بكه‌وێته‌ كۆتایی مانگ".

باسی لەوەش کرد، "له‌و ناوچانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێدراوە ئه‌گه‌ری تاوه‌ بارانی به‌خوڕ هه‌یه‌ هه‌ندێ كات له‌گه‌ڵ هه‌وره‌ بروسكه‌ و لافاوی كتوپر له‌دۆڵه‌كان".

دەستەی کەشناسی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت کەشوهەوای ئەمرۆ دووشەممە، 11-11-2024، ئاسمان هەوری تەواو بێت لەگەڵ نمە باران لەزۆربەی ناوچەکانی هەرێم، هەندێ کات دەگۆرێت بۆ تاوە باران و بروسکە لە دوای نیوەڕۆ، پێشبینی دەکرێت لەناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین کاریگەری زیاتر بێت، هەروەها پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلە دادەبەزێت. 

دەستەی کەشناسی ئەوەشی راگەیاند، کەشی سبەینێ سێشەممە، 12-11-2024، ئاسمان لە نێوان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێت، هەروەها لە بەیانی کەمێک نمە باران لەناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان دەبارێت پاشان لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری دابارین لاواز دەبێت. هەروەها پلەکانی گەرماش زیاتر دادەبەزێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :

هەولێر     23 پلەى سیلیزى

سلێمانی  22  پلەى سیلیزى

دهۆک     22 پلەى سیلیزى

کەرکەوک  24  پلەى سیلیزى

هەڵەبجە 21  پلەى سیلیزى

زاخۆ   22 پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران 11 پلەى سیلیزى

سۆران    20 پلەى سیلیزى

گەرمیان  28 پلەى سیلیزى