کۆمیسیۆنی عێراق: وەڵامی 13 تانەی دیکە ڕەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێن

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامی 13 تانەی دیکە ڕەوانەی دەستەی دادوەریی دەکات. گوتەبێژەکەیشی دەڵێت، دوای یەکلاییبوونەوەی تانەکان، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکرێت. 

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: " ئەمڕۆ دووشەممە، 11-11-2024، وەڵامی 13 تانەی دیکە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دراون، ڕەوانەی دەستەی دادوەریی دەکەین، پێشتریش وەڵامی 28 تانە ڕەوانە کراون کە هەمووان 41 تانەن". 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی یاسا، پێویستە دەستەی دادەوەریی لە ماوەی 10 ڕۆژدا وەڵامی تانەکان یەکلایی بکاتەوە و دوای یەکلاییبوونەوەیان، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسند دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە، 31-10-2024، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و 41 تانە لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە تۆمار کران کە 25ـیان لە سلێمانی، 12یان لە هەولێر، سێیان لە دهۆک و تانەیەکیش لە هەڵەبجە بووە.