پارێزگاری کەرکووک: دەرکەوتووە یاسا لەگەڵ جووتیارانی کوردە، بەڵام ماوەتەوە جێبەجێ بکرێت

پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند، ئێمە دەمانەوێت چارەی کێشەی جووتیارانی سنوورەکە بکەین، بەشێوەیەک کە یاسا جێبەجێ بکرێت، دەشڵێت، دەرکەوتووە کە یاسا لەگەڵ جووتیارەکانە بەڵام ماوەتەوە جێبەجێکردنکەی.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-11-2024، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەگەڵ جووتیارانی سنووری سەرگەڕان کە بەنوێنەرایەتی چوارگوند هاتبوون کۆبووینەوە، هەروەها فەرماندەی فیرقەی 8 کە بەرپرسیارەتی ناوچەکەی لە ئەستۆدایە، بەشداری لە کۆبوونەوەکە کرد و هەمووشتێکمان باسکرد".

بابسی لەوەش کرد، "ئێمە دەمانەوێت چارەی ئەو کێشەیە بکەین، کە لەو سنوورەدا هەیە، بەشێوەیەک کە یاسا جێبەجێ بکرێت، سەرنجیشمان دەخەینە سەر ئەوەی کێ خاوەن مافە، ئێمە بەپێی یاسا لەگەڵ ئەو لایەنە دەبین".

گوتیشی: ئەوکێشەیەی ئەمڕۆ باسمان لێوەکرد، "هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بۆیە دەبێت چارەیەکی بۆ بدۆزینەوە، ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە چاوەڕێی پەرلەمانی عێراق بووین کە دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە بدات، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا بەربەست هەیە و دەنگی لەسەر نەدراوە، بۆیە دەمانەوێت دەنگی لەسەر بدرێت، چونکە ئەوە بۆ ئیدارەی کەرکووکیش کێشەیە، ناتوانین خزمەتگوزاری بگەیێنینە ئەو شوێنانە، ئەوەش لەبەر ئەوەی ململانێ لەسەر ئەو زەویانە هەیە". 

پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەش دا، لەسەر ئەو میکانیزمە ڕێکدەکەوین کە یاسا جێ بەجێ بکەین، هەروەها کۆبوونەوەیەکی دیکەمان دەبێت کە تەواوکەری کۆبوونەوەی ئەمڕۆیە، ئیدارەی نوێی کەرکووک ڕژدە لەسەر چارەکردنی ئەو کێشەیە، دەشڵێت: ناکرێت تەڕ و وشک لەو ناوچەیە بەیەکەوە بسووتێنرێت، بۆ نموونە ئەوانەی تاپۆیان هەیە و کێشەیان نییە، ناکرێت لەگەڵ یەکێکی دیکە کە کێشەی لەو سنوورە دروست کردووە، بەیەکەوە زیانمەندبن".

گوتیشی: "دەرکەوتووە کە یاسا لەگەڵ جووتیارەکانە بەڵام ماوەتەوە جێبەجێکردنکەی، بۆیە ڕەنگە کۆبوونەوەی داهاتوومان سبەینێ یان دووسبەینێ بکەین کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، فەرماندەی فیرقەی 8، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەرگەڕان و نوێنەری هەردوولا، بەشدار دەبن، لەکۆتاییشدا من سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵی کەرکووکم کە بڕیارەکە لەلای من دەبێت".