پسپۆرێکی دەرمانساز: بە وەرزش و خواردن خۆت لە پەتای وەرزی بپارێزە

د. ئاهی ئەحمەد پیسۆری دەرمانساز
د. ئاهی ئەحمەد پیسۆری دەرمانساز

د. ئاهی ئەحمەد پسپۆری دەرمانساز لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ كوردستان24، گوتی: "بەهۆی زۆری جۆرەکانی دەرمان، دەرمانی کواڵێتی نزم لەدەرمانخانەكان دەبینرێت گوتیشی" پێویستە هاووڵاتیان بەپێی ناو و جۆری و نرخەكەی باشترینەكانی دەرمان جیابكەنەوە".

كوردستان24: لەم وەرزەدا چۆن خۆمان لەپەتای وەرزی بپارێزین؟

د. ئاهی ئەحمەد: پەتای وەرزی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، هەندێك كەس هەن هیچ گرنگیەك بەتەندروستیان نادەن، بیر لەوە ناكانەوە بەرگری لەشیان بەهێزبكەن بەخواردنی میوە و سەوزە و خەوتنی پێویست، گوتیشی: دەبێت بە وەرزش كردن خۆی بەدوربگرێت لە زۆر خواردنی ' كاربۆهیدرات' كە لەخواردنەكانی وەك برنج و شلە و شیرینی دا هەیە، ئەمە دەبێتەهۆی خۆپارێزی لە پەتای وەرزی".

كوردستان24: زیانەكانی دەرزیی تێكەلە چیە؟

د. ئاهی ئەحمەد: بەپێی ئەو لێكۆڵینەوە پزیشكیانەی كراوە، باشی لەدەرزی تێكەڵەدا نابینرێت لەكاتی نەخۆشیدا، هەروەها زۆر زوو هەست بەنیشانەكانی باش بوونەوەی ئەو كەسە دەكرێت بەڵام لە زانستی پزشكیدا شتێك نیە بەناوی زوو چاك بوونەوە، ئەگەر هەر ڕێگایەكی پزیشكی هەبوو بۆ زوو چاكبوونەوە ئەوە پێویستە گومانی لێبكەین، كە حەتمەن زیانێكی دەبێت لەداهاتوودا، وەدەبێت بیرمان نەچێت دەرزی تێكەڵە یەكێك لەو پێكهاتەنەی تێیدایەتی "دئیكسامیزاسۆنە" كە دەبێت لەشوێنی پێویستدا بەكاربهێنرێت نەك یاریدەدەرێكی پزیشكی بەكاری بهێنێت لەپەتای وەرزیدا، كە ئەمە لە زانستی پزیشكیدا وەك جۆرێك لە تاوان سەیردەكرێت، كە لەداهاتوودا زیانی زۆر بەكەسەكە دەگەیەنێت وەك كۆبوونەوەی ئاو لە ژێرپێسدا و سست بونی گورچیلەكان و دابەزینی بەرگری لەش".

كوردستان24: چۆن جۆری دەرمانی باش بناسینەوە؟

د. ئاهی ئەحمەد: بەهۆی ئەوەی لەكوردستان هێشتا جۆری دەرمان لە ژێركۆنترۆلی تەواوەتیدا نیە، بازرگان گرنگی بەگیرفانی خۆیان دەدەن و  تەندروستی گەلەكەیان پشتگوێ خستوە و زۆرترین جۆری دەرمان بوونی هەیە، لەم كاتەدا جۆری دەرمان بە نزمترین کواڵێتی هاوردە دەكرێت، بەڵام ئەوەش دەكەوێتە سەر هۆشیاری هاووڵاتیان تا باشترینەكان بناسنەوە و بزانن بەرواری بەسەرچوونی زۆری ماوە یان نا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەرمانەی نرخەكانیان بەرزترە جۆرەكەیان باشترە، كە ئەمەش مەرجی تەواوەتی نیە، ئەوە جۆری كۆمپانیاكانی دەرمانە باشی و خراپی دەرمانەکە یەكلادەكەنەوە".

كوردستان24: مافی نەخۆش چیە لەنەخۆشخانە؟

د. ئاهی ئەحمەد: نەخۆش كاتێك دەچێتە نەخۆشخانە پێویستی بەوەیە لەلایەن پزیشكەوە بەدەمەوەچوونی  بۆ بكرێت سەرجەمی خزمەتگوزاریە تەندروستیەكانی پێشكەش بكرێت، بایەخ بەتەندروستی بدرێت داودەرمانی پێویستی بۆ دابین بكرێت".

كوردستان24: بەكارهێنانی دەرمانی ئیشتیها باشە؟

د. ئاهی ئەحمەد: ئەو دەرمانەی بۆ ئیشتها بەرهەمدەهێنرێن لەدوو بەش پێكدێن، ئەوانەی لە ژێرچاودێری پزیشكی پسپۆڕدا دەنوسرێت كێشەی نیە و بەشێوەیەكی سرووشتی كێشی ئەو كەسە زیاد دەكات، بەڵام ئەو دەرمانانەی سەرچاوەی وەرگرتنیان لە ئۆنلاینەوەیە و بێ بنەمان نازانرێت ئەم دەرمانەنە چین یان زۆرترین ڕێژەی "دیكسۆنیان" تێدایە كە کەسەكە لەماوەیەكی زۆركەمدا قەڵەو دەكات و ئیشتهای دەكاتەوە و ئاو لەژێر پێستی ئەو كەسەدا كۆدەبێتەوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بەرگری لەشی لەداهاتوودا كاریگەریە زیانبەخشەیەكانی بەدەردەكەوێت ".

كوردستان24: هۆكاری كەمی ئیشتها لەمنداڵاندا بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

د. ئاهی ئەحمەد: "هۆكارەی كەمی ئیشتها لەمنداڵاندا بۆ هەبوونی هەمە جۆرەی خۆراك دەگەرێتەوە یان زۆرجار منداڵ هەیە بەدرێژایی ڕۆژەكە ئایپادی پێیە ئەمەش كاری كردۆتە سەر تەندروستی منداڵەكە، لەهەموو ڕوەكانەوە وایی لێدەكات ئیشتهای بۆ خواردن نایەڵێت، یەكێكی دیكە لەكەمی ئیشتهای منداڵ خواردنی ماركێت و فاست فودە كە هۆرمۆنی "دوپامینی" تێدایە، منداڵ لەوكاتەدا هەست بەدڵخۆشی دەكات بەڵام لەگەڵ ئەوەی خواردنەكە هەزم بوو، ئەو منداڵە هەست بە بێتاقەتی و بێزاری دەكات هەربەوهۆیەوە منداڵ بەردەوام ئارەزووی خواردنی دەرەوە دەكات، بۆیە پێویستە لەماڵدا و لەكاتی ژەمەكاندا خواردن بدرێت بە منداڵ، بەتایبەت لەگەڵ دایك و باوكی نان بخوات زۆر گرنگە".