وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ کوردستان24: هەڕەشە لە هیچ ماڵێکی سوننە لە بەغدا نەکراوە

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن یان چۆڵكردن له‌ ژماره‌یه‌ك خاوه‌ن ماڵ له‌ به‌غدا ده‌كرێت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا له‌ بنكه‌كانی پۆلیس سكاڵا تۆمار نه‌كراوه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، شه‌ش ماڵ له‌ ناوچه‌ی زه‌عفه‌رانیه‌ی باشووری رۆژهه‌ڵاتی به‌غدا له‌لایه‌ن ده‌ستێكی نادیاره‌وه‌ نامه‌ی پێچراو به‌ فیشه‌ك له‌ به‌رده‌م ده‌رگایان دانراون و داوایانكردووه‌ خانووه‌كانیان چۆڵ بكه‌ن ئه‌گه‌رنا رووبه‌ڕووی كوشتن ده‌بنه‌وه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە، 11-11-2024، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت هیچ بنه‌مایه‌كی ڕاستی نییه‌، هه‌موو شوێنێكی عێراق له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێز ئه‌منییه‌كاندایه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت ته‌نها له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌كان بڵاو بووەته‌وه". 

‌ گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد "تاوەكوو ئێستە هیچ سكاڵایه‌ك له‌ بنكه‌كانی پۆلیس له‌و باره‌یه‌وه‌ تۆمار نه‌كراوه". ‌