بوڵتەنی عەرەبی پرسە گرنگەکانی کوردستان و عێراق دەخاتە ڕوو
دامەزراوەی کوردستان24 بەردەوامە لە پەخشکردنی "بوڵتەنی عەرەبی" لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی ڕاگەیاندنییەوە کە تێیدا چاو بە دیارترین کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەخشێنێتەوە.
بوڵتەنی کاتژمێر 9ـی شەوی ئەمڕۆ دووشەممە 11 ی تشرینی دووەمی 2024 کە لەلایەن فەرید ئێدوارد و خەمائل ساڵح پێشکەش دەکرێت، باس لە سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو بابەتانە دەکات کە لە سەردانەکەدا تاوتوێ دەکرێن.
هاوکات بوڵتەنەکە باس لە پرسی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لەعێراق و چاودێرییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکات، بەتایبەتی سەبارەت بە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم کە بە ناوچەکانی ماددەی (140) ی دەستووری عێراق ناسراون.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان "بوڵتەنی عەرەبی" باس لە فراوانکردنی پڕۆژەی کارەبای ڕۆناکی دەکات کە بە درێژایی 24 کاتژمێر بەردەوامە و پرۆژەکە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و چەند گەڕەکێکی نوێی هەولێری پایتەخت دەگرێتەوە، هەروەها بوڵتەنەکە ئاماژە بە دۆسیەیەکی پۆلیسی هەولێر دەکات لەبارەی هەڵگرانی چەکی بێ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستاندا.
سەبارەت بە پرسی عێراق، بوڵتەنی عەرەبی تیشک دەخاتە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوتا ئوردنییەکەی لەشاری بەسرە، ئەمە جگە لەدۆسیەی پیسبوونی ژینگە لەبەغدای پایتەخت و کێشەی ئاوارەکان.
"بوڵتەنی عەرەبی" چەند بابەتێکی دیکەی ناوخۆیی پێشکەش دەکات کە جێی سەرنجی بینەری عەرەبییە لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، هاوکات چەند هەواڵێکی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزاری لە بەشە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاو دەکاتەوە.
بوڵتەنەکە بە بەشێکی دۆکیۆمێنتاری کۆتایی دێت و تیایدا محەمەد تەمیمی بابەتی ئاسایشی خۆراک دەخاتە ڕوو لەبەر ڕۆشنایی پرۆگرامەکانی پێکهێنانی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە ساڵی 2019 ەوە.
"بوڵتەنی عەرەبی" باس لە سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کوردستان دەکات و تیشک دەخاتە سەر پرسە گرنگەکان لەو سەردانە.