100 ساڵ بەسەر یادی لەدایکبوونی دانیال میتران تێ دەپەڕێت

دانیال  میتێران
دانیال میتێران

ئەمڕۆ 100 ساڵ بەسەر یادی لەدایکبوونی دانیال میتران تێ دەپەڕێت؛ ئەو ئافرەتەی ساڵی 1991 هیوای بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە.

"هیوا لە بێ هیوا دروست دەبێت" ئەوە بۆ ئەو دۆخەی كورد ڕاست بوو كاتێك گەلەكەی لە ساڵی 1991 لە كۆڕەودا بوو، دانیاڵ میتران، هاوسەری فرانسوا میتران، سەرۆكی پێشووتری فەرەنسا لە پاریسیەوە خۆی گەیاندە كەمپی کوردانی ئاوارە لەناوچە سنووریییەکانی نێوان باكوور و باشووری كوردستان.

 دانیاڵ میتران لە ساڵی 1991 چاوی بە سەرۆك بارزانی و ئاوارە كوردەكان كەوت و لە نزیکەوە دۆخی سەختی هاووڵاتییانی کوردی بینی. لەوێ گوتی: "هەوڵمان داوە دەنگی كورد بگاتە جیهان". 

 

ساڵی 1991 - دانیاڵ میتران لەگەڵ سەرۆك بارزانی و كوردانی ئاوارە 

 

پاشان فەرەنسا داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پاراستنی گەلی كوردستانی کرد. لە ئەنجامدا، بڕیاری 688 لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ كورد دەرچوو كە ناوچەی دژە فڕین و ناوچەی ئارامی لە هێلی 36 دروست كرد.

میتران، لە ساڵی 2009 سەردانی هەرێمی كوردستانی کرد و لە پەرلەمان گوتارێكی پێشكەش کرد و گوتی: "زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرم، لە کوردستان هەست دەکەم کە لە وڵاتی خۆمم، ئێمە یەک خانەوادەین. هەمەڕەنگیییەکەی پەرلەمان نیشانەی دەوڵەمەندییە و جێگەی شانازیی و سەر بڵندییە بۆ پەرلەمانەکەتان‌. هەروەها هەبوونی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی نیشانەی بوونی دیموکراسییەکی پێگەیشتوو و تەندروستە. "

میتران  لە 29ی ئۆكتۆبەر 1924 لە ڤێردونی ڕۆژهەڵاتیی فەرەنسا لە دایك بووە و له‌ 22-11-2011، كۆچی دوای كرد.

دانیاڵ میتران، چالاكوانێكی كارای بواری مافەكانی مرۆڤ و کەسایەتییەکی سیاسی بووە، لە گەنجییەوە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بووە.

سەرۆك بارزانی لەبارەی دانیال میترانەوە گوتوویەتی: "فرمێسكەكانی دانیال میتران بۆ خەڵکی كوردستان هەرگیز لەیاد ناچێ. هاوكات ساڵانە لە هەرێمی كوردستان یادی دەكرێتەوە."