تەقینەوەیەک لە حەسەکە ڕوویدا؛ "سێ ئەندامی هەسەدە گیانیان سپارد"
لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، سێ ئەندامی هەسەدە گیانیان سپارد.
ناوەندی پەیوەندییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان (ئاسایش) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی ڕابردوو (دووشەممە، 11-11-2024)، لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئۆتۆمبێلێک لە ڕێگەی بۆمبێکی چێندراوەوە تەقێنراوەتەوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا، سێ ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گیانیان سپاردووە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێزەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆر و پاککردنەوەی گوندەواری دەوروبەری حەسەکە بەردەوامن بە تایبەت ناوچەی هۆڵ و کەمپەکە لە شانە تیرۆریستییەکان و لایەنگرانیان".
لە 6ی ئەم مانگەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بەردەوامیان لە کەمپی هۆڵ و دەوروبەری دەستپێکردووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنەکە پێشکەشیان کردووە، 84 چەکداری داعش و هاوکارەکانیان لە کەمپی هۆڵ و دەوروبەری دەستگیرکراون و گەڕانەکانی ناو کەمپەکەش تا ئێستا بەردەوامن.