ئیخڵاس دلێمی: هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان خەرج دەکرێت

ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: دواکەوتنی مووچە پەیوەندیی بە لیستی مووچەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە گواستنەوەی پارە هەیە لە پشکی هەرێم لە بودجەی وەبەرهێنانەوە بۆ مووچە.

دەشڵێت: دڵنیام هەفتەی داهاتوو سەرۆک وەزیرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.

سێشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2024، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پشکی هەرێم لە خشتەکانی بودجە بۆ ساڵی 2024 بۆ ئەمساڵ بەشی ئەوە دەکات کە مووچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی پێ دابین بکرێت، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە موناقەلە هەیە، بۆ ئەوەی لە بودجەی هەرێمەوە بگوازرێتەوە بۆ سەر پشکی مووچەی فەرمانبەران، گوتیشی:  پێم وایە ئەو دواکەوتنەی مووچە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی دارایی بەشێوەیەکی گشتی تەمویلی تەواوی نییە بۆ ئەوەی مووچەی پێ دابین بکرێت، هەرچەند هەندێکجار پەنا بۆ هەندێک بەهانە دەبەن بۆ ئەوەی مووچە خەرج نەکەن، دواتریش ئەوە ڕێکارێکی هەڵەیە کە چاوەڕێ بکەین تا تەمویل دێت، ئەوە تەنها کات بەفیڕۆ دەدات، پاساوەکانیشیان ئەوەیە موناقەلەکە پێویستی بە ئیمزا کردنی وەزیری داراییە، وەزیری داراییش ئامادە نییە وەکو بەرپرسێکی دەوڵەت بەپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرێت و کاروباری دارایی بەڕێوە ببات، هەموو ئەو پرسانە پێویستیان بە ئیمزای وەزیری دارایی هەیە بۆ ئەوەی بۆ سەرۆک وەزیران بەرز بکرێتەوە، بۆیە سەرۆک وەزیران سبەی سەردانی هەولێر دەکات و ئەو پرسەش چارە دەکرێت.

ئیخڵاس دلێمی دەشڵێت: لیستەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نێردراوە و وردبینیان بۆ کراوە، هەندێک لێکچوون لە ناوەکان هەبوونە، بۆ چارەسەریی ئەو پرسەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوی دایکی فەرمانبەران و ڕێککەوتی لەدایکبوونیشی پێشکەشی بەغدا کردووە، ئەو ناو لێکچوونانە چارەسەرکراون، بەڵام کێشەی نەناردنی مووچە ئەوەیە، تەمویلیان نییە، بەهانە دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی سوود لە کات وەربگرن، پرسی دووەمیش ئەوەیە، وەزیری دارایی خاوەن بڕیار نییە، بڕیارەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی دیکەش بەرز دەکاتەوە، ئەو ناتوانێت هیچ بڕیارێک بگرێتە ئەستۆ.

گوتی: لیستەکان پێویستییان بە وردبینی نییە، ئەو لیستە پێشتر وردبینی کراوە، دەشڵێت: مووچەی فەرمانبەران پێویستی بە ئیمزای وەزیری داراییە، بەڵام ئەو ناتوانێت ئەو بەرپرسیارەتییە هەڵبگرێت، بۆیە پێم وایە هەفتەی داهاتوو سەرۆک وەزیران مووچە خەرج دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد کە،  مووچە گرەنتی کراوە و هیچ کێشەیەکی نییە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی.