فیلمی کەواتە چاوەڕێ بە نمایش دەکرێت و قەڵغانی ڕێزلێنانیش بە خانەوادەی سەلام کۆیی دەبەخشرێت

لە وەرزی زستانەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر و بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، سبەی بۆ جاری دووەم لە ئێمپایەر سینەما، فیلمی "کەواتە چاوەڕێ بە"، کە لە دەرهێنانی جوان بامەڕنی و نواندنی هونەرمەندی کۆچکردوو "سەلام کۆیی"ـە سبەی چوارشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2024، لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە نمایش بکرێت.

هەر لە چوارچێوەی نیشاندانی ئەو بەرهەمە سینەماییەدا بڕیارە ڕێز لە خانەوادەی هونەرمەندی کۆچکردوو "سەلام کۆیی" بگیرێت و قەڵغانی ڕێزلێنانیان لە بەرامبەر نیوسەدە لە بەخششی ئەو هونەرمەندە پێببەخشرێت، کە لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە تا دوا هەناسە لە خزمەت کولتوور و هونەری شانۆ و سینەما و درامادا بووە و بە ڕۆڵی "حاجی یادگار" ناوبانگی لە مێژووی هونەری نواندن دا دروستکرد.

لە دوا ساتەکانی ژیانیشیدا بەشداری لەم بەرهەمە سینەماییەدا کرد، کە ڕۆڵی ئەمیرێکی شەڕانگێزی چەکدارانی داعش دەبینێت و بە تەواوەتی چووەتە نێو قوڵایی بەرهەمەکە و ڕووی ڕاستی ئەو چەکدارانە نیشان دەدات، کە هێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانی و عێراقیەکاندا و لەسەر دەستی پێشمەرگەی خۆڕاگری کوردستان تێکشکان.

جێگەی باسە، بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەما هەولێر، چوار وەرزی ساڵ فیلمەکانی بەشێوەی دانانی پڕۆگرامێکی تۆکمە لە ڕۆژانی چوارشەممەدا بەخۆڕایی نمایش دەکات، تا ئێستاش زیاتر لە 60کورتە فیلم و فیلمی بڵند بەخۆڕایی نمایش کراوە و هەر هەفتەیەک بەپێی پڕۆگرامە ڕێز لە کەسایەتیەکی هونەری و ڕۆشنبیری دەگیرێت و خەڵاتی ڕێز و وەفای پێدەبەخشرێت.

"شاخەوان مستەفا" بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نمایشکردنی ئەم فیلمە بۆ جاری دووەم لە سینەماکانی کوردستان لەسەر خواستی بینەری فیلمە کوردییەکان بووە، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەپێی پڕۆگرامەکانمان لە چوار وەرزی ساڵدا و نیشاندانی ڕۆڵی ئەو ئەکتەرە باڵایەیە، کە زیاتر لە نیو سەدە لە خزمەت هونەری سینەما و شانۆ و کاری درامیدا بووە، ئێستاش، کە بە جەستە لەگەڵمان نیە بە ڕۆح لەگەڵمان دەژیت، بۆیە بڕیارماندا ئەم هەفتەی چالاکییەکەمان تایبەت بکەین بە نمایشکردنی فیلمەکە و ڕێزگرتن لە تەمەنی پڕ لە بەخششی هونەرمەندی گەل "سەلام کۆیی".

گوتیشی: ڕەنگە ئێستا بەشێک لە ئارەزوومەندە هەڵکەوتووەکانی بواری سینەما باگراوندی ئەو هونەرمەندەیان نەزانیبێت، کە چۆن لە سەردەمی ڕەش و سپی و سەردەمی زێڕینی شانۆدا بە ڕۆڵە جیاکانی لەسەر تەختی شانۆدا پەیامی ئاگرینی بۆ پێشمەرگەکانی شاخ دەنارد و گڕوتینێکی دیکەی بە بینەری شانۆ دەبەخشی، هاوکات لە کارە مەنەلۆجیەکاندا چەندین جار بۆشایی نەبوونی ئافرەتی لە کارە هونەرییەکانی پڕ کردووەتەوە و جوانیەکی دیکەی بە هونەری کوردی بەخشیووە.