رووماڵ

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆک وەزیران سوودانی دەکات

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی (ڕاست) و سەرۆک وەزیران سوودانی (چەپ) (ئەرشیف)
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی (ڕاست) و سەرۆک وەزیران سوودانی (چەپ) (ئەرشیف)

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 9:00 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەممەد شیاع سوودانی دەکات .

چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک وەزیران؛ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مووچە و بودجەی فەرمانبەران، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، هەناردەکردنەوەی نەوت و چەندان پرسی دیکە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. 

پێشتر پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، سەردانەکەی سوودانیی بۆ هەولێر "گرنگ و ئەرێنییە و پەیوەندیی بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە هەیە."

هەورامانی ئاماژەی بەوەش کردبوو "ئەو لێکتێگەیشتنە باشەی لە ماوەی ڕابردوودا لەنێوان هەردوو سەرۆک وەزیران سوودانی و مەسرور بارزانیدا هەبووە، لە خزمەت چوونە پێشەوەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی و حکوومەتی فیدراڵ بوو."

سوودانی لەوەتەی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق سێ جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دواهەمین جار، ڕۆژی 09-11-2023 بوو.