مەسرور بارزانی لەبارەی سەردانەکەی سوودانی: گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی گرنگ دەکەین
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر دەربڕی و ڕایگەیاند، گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک 'بابەتی گرنگ' دەکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "بابەتی گرنگی پەیوەندیدار بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاسایش و وزە و بەرەوپێشچوونی ئابووری هەن کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین".
خۆشحاڵم بە سەردانی سەرۆک وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) November 13, 2024
بابەتی گرنگی پەیوەندیدار بە شایستە داراییەکانی هەرێم و سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاسایش و وزە و بەرەوپێشچوونی ئابووری هەن کە گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین.
کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-11-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
زیاتر بزانە: کوردستان24 کارنامەی سەردانەکەی سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات