رووماڵ

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق: مەسرور بارزانی و سوودانی 'مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتیان' تاوتوێ کردووە

هەردوو سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و سوودانی
هەردوو سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و سوودانی

هەردوو سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و سوودانی، هەناردەکردنەوەی نەوت، مووچە، سەرژمێریی و چەندان بابەتی دیکەی گرنگیان تاوتوێ کرد. 

کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-11-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا. 

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سوودانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کردووە و پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کردووە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەر لەو کۆبوونەوەدا هەردوو سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و سوودانی، جەختیان لە هەناردەکردنەوی نەوتی کوردستان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە؛ هاوکات پرسی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانیشیان تاوتوێ کردووە. 

وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوودانی جەختی لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و ئامادەیی خۆیشی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک بۆ ئەم مەبەستە دەربڕیوە.