رووماڵ

مەسرور بارزانی بۆ سوودانی: پێویستە مووچە لە ناکۆکییە سیاسییەکان دوور بخرێتەوە

پێشوازیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق
پێشوازیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەممەد شیاع سوودانی کرد.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئاماژەی بەوە دا کە سەقامگیریی سیاسی هەرێمی کوردستان، بنەمایەکی گرنگیی سەقامگیریی هەموو عێراقە. سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، هەروەها جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ .

لە کۆبوونەوەدا، وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە "گفتوگۆ لەبارەی کێشە و پرسەکانی تایبەت بە مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵ، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ئامادەکارییەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق کرا."

سەبارەت بە پرسی موچە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، "جەختی لە پێویستی دوورخستنەوەی پرسی خەرجکردنی مووچەی هەرێم لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق."

دەربارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش، "جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە زووترین کات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە کرایەوە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت."

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق، لەمبارەیەوە، هاوڕابوون لەسەر سەرخستنی پرۆسەکە بۆ مەبەستی گەشەپێدان، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە.