رووماڵ

سەرۆک بارزانی و سوودانی: هەنگاوی ئەرێنی و باش لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا نراون

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمرۆ چوارشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لەدیدارەكەدا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانیدا هاتووە "تاوتوێی بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە كرا و هەروەها جەختیش لەوە كرایەوە كە لە پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵدا هەنگاوی ئیجابی و باش نراون."

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق "پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و هیوای ئەوەی خواست كە بە زووترین كات لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان."