نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا هه‌نگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی کوردستان تاوتوێ دەکەن

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق هه‌نگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی کوردستان تاوتوێ دەکەن، جەختیان لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێک کردەوە کە وه‌ڵامگۆی خواستەکانی خەڵک و ئامانجەکانیان بێت لە گەشەپێدان و سەقامگیری.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2024/11/13 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا له‌گه‌ڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، پەیوەندییەکانی فه‌ره‌نسایان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان و هه‌نگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانیان، تاوتوێ کرد.
 باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزباییی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە ڕێژه‌ی به‌رزی بەشداریکردن کرد کە گرنگیدانی هاووڵاتیان بە داهاتووی هەرێمی کوردستان، دەردەخات. هەردوولا میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمیان تاوتوێ کرد و لەمبارەیەوە، جەختیان لەسەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێک کردەوە کە وه‌ڵامگۆی خواستەکانی خەڵک و ئامانجەکانیان بێت لە گەشەپێدان و سەقامگیری.
لای خۆیه‌وه‌،  باڵیۆزی فەرەنسا جەختی لە به‌رده‌وامیی پابەندیی وڵاتەکەی له‌ یارمه‌تیدان و پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان، کردەوە، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسای بۆ پرسەکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، دووپات کرده‌وه‌.
له‌ دیدارەکەدا باس له‌دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان کرا و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکانی ناوچەکە و پێویستیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی عێراق، کردەوە، هه‌روه‌ها لەسەر گرنگیی هاریکاریی هاوبه‌ش بۆ ڕێگرتن لە زیادبوونی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هاوڕا بوون.
دۆخی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنەکانی ئەمه‌ریکا و چەندین بابەتی دیکەی جێی بایه‌خی هاوبەش، لایەنێکی دیکەی دیداره‌که‌ بوون کە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.