فەلاح حەسەن : هەرێمی کوردستان ڕۆڵی گرنگی لە پەرەپێدانی کاری مەدەنی هەیە
سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ 10 ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایدەگەیەنێت: هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی سەقامگیر و پێشکەوتوو لە ناوچەکەدا، رۆڵی گرنگی لە پەرەپێدانی کاری مەدەنی و چالاکی رێکخراوەیی هەیە .
چوارشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2024، فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ 10 ڕێکخراوی کوردستانی کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمانگەکە، فەلاح حەسەن لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە خزمەتکردنی کوردستان ئەرکی سەرەکییانە، هاوکات گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی کاری رێکخراوەیی و بەهێزکردنی ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە، هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی سەقامگیر و پێشکەوتوو لە ناوچەکەدا، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پەرەپێدانی کاری مەدەنی و چالاکی رێکخراوەیی.
گوتیشی: بەهۆی ئەو ئەزموونە دیموکراسییەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، بووەتە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پشتگیریکردنی چالاکییە مەدەنییەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵگە لە گشت بوارەکاندا لە ناوچەکەدا.