قۆناغێکی دیکەی سەرژمێری دەست پێ دەکات

لە سبەینێ هەینییەوە قۆناغێکی دیکەی سەرژمێری دەست پێ دەکات، تیمەکان سەردانی ماڵان دەکەن و داوای بەڵگەنامە و پێناس و ناسنامەکان دەکەن.
عەلی عریانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری گشتیی، ڕایگەیاند هەموو ئامادەکارییەک کراوە و لە سبەینێ هەینییەوە 15ی مانگەوە قۆناغێکی دیکەی سەرژمێری دەست پێ دەکات و قۆناغەکە تا 19ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ئاماژە بەوەش دەکات کە لەم قۆناغەدا تیمەکانی سەرژمێری سەردانی ماڵان دەکەن و داوای پێناس و بەڵگەنامەکانیان لێ دەکەن، دەبێت هەموو خێزانێک پێناس و بەڵگەنامەی پێویست پێشکەش بە تیمەکان بکات، ئەوانیش تۆماری دەکەن.
ئەم هەنگاوە دەبێتە بنامەیەک بۆ ڕۆژی سەرژمێری گشتیی، بەشێوەیەک کە لەسەر بنەمای ئەو بەڵگەنامە و پێناسانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا دەدرێنە تیمەکان، دەبێت ئەو کەسانە لە رۆژەکانی 20 و 21ی مانگدا لە ماڵەوە بن و ڕووبەڕوو تیمەکان ببینن و وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە. 
لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری جەخت دەکاتەوە هاتوچۆ لەنێوان یەکە کارگێڕییەکان قەدەغە دەکرێت، بەڵام لەناو شار و گەڕەکەکان هاووڵاتیان دەتوانن بۆ کاری پێویست بچنە دەرەوە.