وەزیری پلاندانان: سەرژمێریی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا یەکلا دەکاتەوە

د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

وەزیری پلاندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرنگیی پرۆسەی سەرژمێریی دەکاتە و دەڵێت، پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی یەکلا دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14-11-2024، د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و پارێزگاکانی هەرێم ساز کرد. 

د. دارا ڕەشید باسی لەوە کرد، دوای چەندان کۆبوونەوە و گفتوگۆی درێژ، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا زۆرینەی داواکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی جێ بەجێ بکات و نەیشاردەوە تاوەکوو ئێستە "ترس"ـیان هەیە پرۆسەکە بە "سیاسی" بکرێت. 

وەزیری پلاندانان پرۆسەی سەرژمێریی بە "زۆر گرنگ" بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ناو برد و باسی لەوە کرد، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵی یەکلا دەکاتەوە و کاریگەریی لەسەر زیادکردنی ژمارەی نوێنەران لە پەرلەمانی عێراق دەبێت.

ناوبراو دووپاتی کردەوە، هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی لە گفتوگۆدان و "جەختمان لەوە کردووەتەوە، نابێت سەرژمێریی بە سیاسی بکرێت و دژی پێکهاتەکانی عێراق، بەتایبەت کورد و تورکمان، کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە بەکاربهێنرێت."

ئەو وەزیرەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە بە درێژایی مێژوو "بەداخەوە پرۆسەی سەرژمێریی لە عێراق سیاسیی بووە بە دەرەجە ئیمتیاز.. هەر پرۆسەیەکی سەرژمێریش کە لە عێراق کرابێت، پێشتر ئامادەکاریی کرایە و گۆڕنکاریی دیمۆگرافی و جۆگرافی کرایە".  

د. دارا ڕەشید گوتی، دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، وەکوو وەزارەتی پلاندان، لەگەڵ سێ کابینەی وەزاریی حکوومەتی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی کردووە؛ "کێشەی سەرەکی ئێمەش، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بووە. پێشتریش هەموو لایەکمان ئاگادار کردووەتەوە، کێشەی یاسایی و دەستووریمان لەگەڵ ئەم سەرژمێرییە هەیە.. چونکە ناکرێت سەرژمێرییەک بکرێتە جێگرەوەیەک بۆ پرۆسەی ژماردن کە لە ماددەی 140ـی دەستووری عێراقدا هاتووە."

لەبارەی ئامادەکارییەکانیش بۆ پرۆسەی سەرژمێریی، د. دارا دووپاتی کردەوە، وەکوو وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویانە "بە کەمترین ماوە، بە کەمترین بودجە، زۆرترین کار بکەین".