میدیاکانی تورکیا: لەوانەیە هەفتەی داهاتوو دووەم دیدار لەگەڵ ئۆجەلان بکرێت
میدیاکانی تورکیا دەڵێن، چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو، دووەم دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکرێت.
ماڵپەڕی 'گازێتێ دوڤار'ـی تورکی، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتیدا ڕایگەیاند، دوای یەکەم سەردانی عومەر ئۆجەلان، برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراویی پەکەکە، زەمینەسازی دەکرێت بۆ دیدارێکی دیکە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەگەر هەیە لە دیداری دووەمدا پارێزەرەکانی ئۆجەلانیش بەشداریی بکەن، بەڵام تا ئێستە ئەم بابەتە یەکلایی نەبووەتەوە.
راپۆرتەکە لەکاتیکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کاتژمێر 6 کۆ ببنەوە.
پێشتر باخچەلی داوای کردبوو، ئۆجەلان ئازاد بکرێت و لە پەرلەمان چەکدانان و هەڵووەشانەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.