دادگای مێردین سزای هەتاهەتایی بۆ دوو بکوژی بنەماڵەکەی دهۆک دەرکرد
دادگای مێردین سزای زیندانی کردنی هەتاهەتایی بۆ دوو بکوژی بنەماڵەکەی دهۆک دەرکرد و خانەوادەی کوژراوەکانیش داوا دەکەن، تەواوی تاوانباران ئاشکرا بکرێن و سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەربکرێت.
پێنجشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2024، دادگای مێردین سزای زیندانی کردنی هەتاهەتایی بەسەر دوو لە بکوژانی بنەماڵەکەی دهۆک سەپاند، خانەوادەی کوژراوەکانی دهۆکیش داوا دەکەن تاوانبارانی دیکە و پشتیوانانیان ئاشکرا بکرێن و لە سێدارە بدرێن.
حەربی جەلالەدین، یەکێک لە بنەماڵە کوژراوەکەی دهۆک لە مێردین، دوای تەواوبوونی دادگاییەکە بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئێمە ئەو کەیسە داناخەین تاوەکو تەواوی تاوانباران ئاشکرا دەکەین، بزانین کێ لە پشت ئەو تاوانەیە و دەبێت ئاشکرا بکرێن، دەشبێت ئەو ڕاستییە دەربکەوێت.
کەسێکی دیکەی خانەوادەکە بە بڵند کردنی وێنەیەکی پەتی سێدارە لەنێو بۆشاییەکی ڕەشدا کە لەسەری نووسراوبوو ( لە سێدارەدان شایەنیتی) گوتی: پێویستە ئەردوغان سزای لە سێدارەدان بۆ ئەو تاوانبارانە دەربکات.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 19-01-2023 لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، "پێنچ هاوڵاتی خەڵکی شاری دهۆک" لە ئۆتۆمبێلێکدا لە لایەن چەند کەسێکەوە شەهیدکران، لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتیانەی باشووری کوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی نەخۆشی چووبوونە تورکیا.
رووداوەکە لە سەر ڕێگەی سەرەکی نوسێبین - مێردین لە باکووری کوردستان ڕوویدابوو.
داوی رووداوەکە، هێزی ئەمنیەکانی تورکیا پێنچ کەسیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکرد کە دوویان تاوانباری سەرەکین و سێیانی دیکەش هاوکارن، تا ئێستا دوو لە تاوانبارانی سەرەکی گیراون و سێی دیکەی بە کەفالەت ئازادکراون.
پێنچشەممە 12-09-2024 لە دادگایی مێردینی باکووری کوردستان، شەشەمین دانیشتنی دادگایکردنی بکوژانی رووداوەکەی شارۆچکەی نسێبینی تورکیا بەرێوەچوو.
لە دانیشتنەکەدا هەردوو تۆمەتبار ( عەبدوڵا ک و فارس ئەی) لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفراس بەشدار بوون، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی بەڵگەی پێویست سەبارەت بە دۆسیەکە، دادوەری دادگای مێردین دانیشتنەکەی بۆ دوو مانگ و دوو رۆژ دواخست.