ڕەوا پێنجوێنی: سێ گرێبەست کراوە بۆ دانان و سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر
ڕۆژی پێنجەمی 29-مین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا پانێڵێک لە بارەی ئایندەی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە پانێڵەکەدا ڕەوا محەممەد پێنجوێنی، بەڕێوەبەری وزە نوێبووەکان لە وەزارەتی کارەبا باسی لە هەوڵ و کارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ کارکردن بە وزەی نوێ لە هەرێمی کوردستان کرد.
ڕەوا پێنجوێنی گووتی: "جیهان بەگشتیی کار دەکات تاوەکو لەو ڕێگایەوە واز لە وزەی کۆن بهێنرێت. ئەو گوتیشی، لە هەرێمی کوردستاندا چەند کارێک کراوە بۆ ئەو ئامانجە گرنگە، بە تایبەت سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر، چونکە وزەی خۆر باشترین سەرچاوە و جێگرەوەیە بە پێی کەشوهەوای هەرێم. پێنجوێنی ئەوەشی خستەڕوو سێ گرێبەست کراوە بۆ دانان و سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر، کە 350 مێگاوات کارەبای لێ بەرهەم دێت.
بەڕێوەبەری وزە نوێبووەکان لە وەزارەتی کارەبای کوردستان دەشڵێت: "بەپلانی درێژ خایەن ئەم جۆرە وزانە زیاتر دەکرێن لە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک 1000 مێگاوات زیاد بکرێت بۆ پلانی کورتخایەن، بۆ پلانی درێژخایەنیش بکرێت بە 3000 مێگاوات، بە سوود وەرگرتن لە وزەی (ئاو ، با) لەپاڵ وزەی خۆر، هەروەها باسی لەوەش کرد لە داهاتوودا وزە لە پلانی گواستنەوەی گشتیش سوودی لێ وەردەگیرێت، ئەو هەوڵەش پێویستی بەپلانێکی تۆکمەی هەنگاو بەهەنگاو هەیە".