حکوومەتی عێراق خۆی لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان دەدزێتەوە

سروە ڕەسوڵ: داوامانکردووە دۆسیەی مرۆیی تێکەڵ بە سیاسی و بابەتەکانی دیکە نەکرێن

سروە ڕەسوڵ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەدنی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ: تەنیا لەم مانگەدا چەندین جار نووسراومان ئاراستەی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی فیدراڵ کردووە، بۆ ئەوەی هاوکاری ئاوارەکان بکەن، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبووە.

سروە ڕەسوڵ لە باکۆوە کە میوانی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو، سەبارەت بە دۆخی ئاوارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان گوتی:  لە پانێلەکاندا لەگەڵ باسکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەر ئاوارە بوونی خەڵک لە ناوچە جیاجیاکان، ئاماژەمانداوە کە حکوومەتی عێراق هەموو هاوکارییەکانی لەسەر ئاوارەکان بڕیوە و ڕێگەش بە گەیشتنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان نادات.

هەروا ئاماژەیدا، لەوەتەی وەرزی سەرما دەستی پێکردووە تەنیا لە مانگە چەندین نووسراومان ئاراستەی حکوومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبووە و هیچ هاوکارییەکیشیان بۆ ئاوارەکان نەناردووە، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق لە وەرگرتن و پێشوازی کردن پەنابەرانی لوبنانی هیچ درێخییەکی نەکردووە و هەموو هاوکاری و خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش دەکات.

سروە ڕەسوڵ گوتیشی: تاوەکوو ئێستاش بە سەدان منداڵی ئاوارەی عێراق لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان کێشەی بەڵگە یاساییەکانیان و حکوومەتی عێراق بە دەنگیانەوە نەهاتووە و کێشە و گرفتەکانیان چارە نەکراوە، کەچی حکوومەتی عێراق خۆی کە هیچ هاوکارییەکی ئاوارەکان ناکات، ئێستا کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیشی کردووە کە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەهێران، ڕێگە نادات هاوکارییەکان بگەنە ئەو خەڵکانەی پێویستیان پێیەتی.

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: لە پانێلەکانی 29یەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، ئەم پرسانەمان بە ڕاشکاوانە بە وڵاتان و ڕێکخراوەکان گەیاندووە بۆ ئەوەی دۆسیەی مرۆیی، تێکەڵ بە دۆسیەی سیاسی و دۆسییەکانی دیکە نەکرێن و ئەو نادادپەروەرییەی لە هاوکاری کردنی ئاوارەکان هەیە، نەمێنن.

 

 
Fly Erbil Advertisment