ڕێگریی حکوومەتی عێراق لە هەناردەی بەرهەمی کارگەکانی کوردستان بەردەوامە

ڕێگریی حکوومەتی عێراق لە هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆکیش پێیوایە "عێراق دەیەوێت بەم سیاسەتەوە کارگەکانی کوردستان پەک بخات."

شەممە، 16-11-2024، شوکری جەمیل نووری، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بازگەکانی عێراق لە ڕێگریی بەرهەمی کارگەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و ئەم بڕیارە تەنانەت بازرگانەکانی خوارو و ناوەڕاستی عێراقیشی نیگەران کردووە." 

شوکری جەمیل ڕوونی کردەوە "لە بازگەکانی عێراق دوو بەشی جیاواز هەیە، ئەو کاڵایانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن و بۆ ناوچەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق دەنێردرێت، دەبێت لە 72 کاتژمێر بازگەکانی عێراق تێپەڕێنن، دوای ئەوە لە بازگەکان پەسەند ناکرێت و رێگریی لە ناردنی دەکرێت، لە کاتێکدا زۆرینەی ئەو کاڵایانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن لە هەرێمی کوردستان کۆگا دەکرێن و دواتر بەسەر ناوچەکانی دیکەی عێراق دابەش دەکرێن، بازرگانە عێراقیەکانیش لەو بڕیارە نیگەرانن."

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک گوتیشی: "لە بازگەکان بەشێکی دیکە هەیە تایبەتە بە ڕێگریی لە بەرهەمی کارگەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕێگە بە بەرهەمی هیچ کارگەیەکی هەرێمی کوردستان نادرێت ئەگەر لە بەغدا مۆڵەتی نەبێت، لە کاتێکدا بەشێک لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە 100٪ پشت بە بازاڕەکانی خوارووی عێراق دەبەستن، ئەم بڕیارە هیچ کەمتر نیە لە بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."

شوکری جەمیل، ڕاشیگەیاند "بەردەوام لەسەر هێڵین و نووسراویان بۆ لایەنی جیاواز لە بەغدا کردووە، بەڵام هیشتا هیچ وڵامێکیان نەبووە."