ئهمهریكا رۆڵی سهرۆك بارزانی له چارهسهری پرسهكاندا بهرز دهنرخێنێت
بەشداریكردنی هەرێمی کوردستان لە دانوستانی ستراتیجی عێراق و ئەمهریکا به گرنگ دهزانرێت
K24- ههولێر:
ناوەراستی ئەم مانگە دانوستانە چارەنووسسازەکەی نێوان ئەمهریکا و عێراق لە بەغدا بەرێوەدەچێت، لهم نێوهندهشدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمهریکا لە عێراق کۆبووهتەوە و سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵیت: گرنگە ھەرێمی کوردستانیش لە دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا بەشدار بێت بە شێوەیەك ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی گشتی تەواوی پێکھاتەکانی عێراقدا بێت.
ئەمەریکا کارنامەی گرنگترین دۆسییەکانی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی لەگەڵ عێراق ئاشکرا کرد، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە بەغدای پایتەخت بەڕێوە بچن، دانوستانەکانی نێوانیان گشتگیرە و پرسە سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری، فێرکاری و زانستیش لەخۆ دەگرن.
سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا کۆبووەوە و باسیان لە بارودۆخی سیاسی و دوا ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکومەتی عێراق و پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق و ھەرێمی کوردستانیان کردووە.
باس لە سەرھەڵدانەوە و جموجۆڵەکانی داعش و کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و پرسی پەنابەر و ئاوارەکانیش کراوە.
باڵیۆزی ئەمەریکا ڕۆڵی ئیجابی سەرۆك بارزانی لە چارەسەری ئەو پرسانە و ھەبوونی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان بەرزنرخاند.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش جەخت لە گرنگیی بەشداریی ھەرێمی کوردستان لە دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا دەکاتەوە.
مەسرور بارزانییش لەگەڵ ماتیۆ تولەر بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا باسکردووە.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی بەشداریی ھەرێمی کوردستان لە دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا کردەوەتەوە، بە شێوەیەك ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی گشتی تەواوی پێکھاتەکانی عێراقدا بێت.
باڵیۆزی ئەمەریکاش لە عێراق دیالۆگی ستراتیجی نێوان ئەمەریکا و عێراق بەگرنگ دەزانێت و ناوەراستی ئەم مانگە لە بەغدا ئەنجام دەدرێت و ھەرێمی کوردستانیش تێێدا بەشدار دەبێت.
تولەر دەڵێ: ھەموو ھەوڵێك بۆ یارمەتیدانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەدەین، بەتایبەتیش بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئابوورییە سەختەی بەھۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە ھاتووەتە ئاراوە.
تولەر، ئاشکرای دەکات، "لە رۆژانی داھاتوودا ھاوکارانم لە سەرجەم جومگەکانی نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق پرسی چۆنیەتی کاراکردنی رێکەوتنی ستراتیژی لە نێوان ھەردوو وڵات لەبوارەکانی ئابووری، سیاسی، رۆشنبیری، فێرکاری و زانستی بە چڕی تاوتوێ دەکەن و تەنیا لەبواری ھاوکاری ئەمنیدا کورتی ناکەنەوە.
عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکەوتنە ستراتیژیەی لە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ ئەمەریکا واژۆی کردووە، و تا ئێستاش بەردەوامە وەك عێراق دەڵێت: ئەمەریکا تا ئێستا تەنیا لایەنە ئەمنییەکەی جێبەجێ کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر چەندین جار ئەمەریکا دووپاتی کردووەتەوە، ئەگەر عێراق لەژێر ھەژموونی ئێران نەیەتە دەرەوە، ئەوا تەواوی ھێزەکانی لەو وڵاتە دەکێشێتەوە و سزای ئابووریشی بەسەریدا دەسەپێنێت.
H.B