وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق: له‌ رۆژانی سه‌رژمێریی گه‌شتی فڕۆكه‌خانه‌كان ئاسایین

لۆگۆی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، دەڵێت: لە ڕۆژانی سەرژمێریدا قەدەغەی هاتووچۆ گەشتە ئاسمانییەکان پەک ناخات، هەروەها گەشتی فڕۆکەخانەکان بە پێی خشتەکان بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2024، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: لە ڕۆژانی سەرژمێریدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگە ئەمنییەکان ئاسانکاری بۆ گەشتیاران دەکرێت و گەشتە ئاسمانییەکان بەردەوام دەبن.

وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، گه‌شتی فڕۆكه‌خانه‌كان به‌گوێره‌ی خشته‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت و قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان په‌ك ناخات .

لای خۆیەوە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: له‌ ڕۆژانی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆدا گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن.

ئەمڕۆ شەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2024، بە فەرمی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە 15  شارۆچکە، 46 شارەدێ و 350 گوندی سنووری پارێزگای هەولێر دەستی پێ کرد.

هەروەها بڕیارە لە 20 و 21ی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەڕێوە بچێت.