ئەمەریکا و چین: نابێت ژیریی دەستکرد کۆنترۆڵی چەکی ناوەکی بکات

کۆبوونەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و شی جین بینگ، سەرۆکی چین لە لیمای پایتەختی پیرۆ (وێنە: AFP)
کۆبوونەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و شی جین بینگ، سەرۆکی چین لە لیمای پایتەختی پیرۆ (وێنە: AFP)

هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و چین جەخت لەوە دەکەنەوە "دەبێت بەکارهێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن مرۆڤەوە بێت، نەک ژیریی دەستکرد." دووپاتیشی دەکەنەوە "نابێت کێبڕکێیەکەمان بۆ ململانێ بگۆڕدرێت."

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، 16-11-2024، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و شی جین بینگ، سەرۆکی چین لە پەراوێزی لووتکەی هاوکاریی ئابووریی ئاسیا و ئۆقیانووسی هێمن (ئەپیک)؛ لە لیمای پایتەختی پیرۆ کۆ بوونەوە. 

کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "هەردوو سەرۆک لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد، پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی واشنتن و پەکین، دۆخی ناوچەکە و چەندان پرسی دیکەیان کردووە."

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی "بایدن و پینگ دووپاتیان کردووەتەوە دەبێت بەکارهێنانی چەکی ناوەکی لە ڕێگەی مرۆڤەوە بێت نەک ژیریی دەستکرد."

سەرۆکانی ئەمەریکا و چین وەکوو ئەوەی کۆشکی سپی ئاماژەی پێ کردووە "جەختیان لە پاراستنی کۆنترۆڵی مرۆڤ لەسەر بەکارهێنانی چەکی ناوەکی و بیرکردنەوە لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد کردووەتەوە؛ هەروەها پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد لە بواری سەربازیدا بە شێوەیەکی ژیرانە و بەرپرسیارانە، تاوتوێ کردووە."

لەبارەی پەیوەندییەکانی واشنتن و چینیش، بایدن گوتی: "نابێت هەردوو وڵات (ئەمەریکا و چین) ڕێگە بدەن ئەم کێبڕکێیە بۆ ململانێ بگۆڕدرێت. ئەمە بەرپرسیارێتیی ئێمەیە و پێموایە لە چوار ساڵی ڕابردووشدا سەلماندوومانە کە دەتوانین پارێزگاریی لەم پەیوەندییانە بکرێت."

وەکوو ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا باسی کرد "هەموو کاتێک لەبارەی زۆرێک لە پرسەکان لەگەڵ چین هاوڕا نەبوون، بەڵام لە هەمان کاتدا گفتوگۆکانیان بەردەوام لەگەڵ یەکتری "ڕاشکاوانە" بوون. 

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە گوتاری سەرکەوتنیدا بەڵێنی دا بە شێوازێکی نوێ لە ڕووی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی چین و وڵاتانی دیکە ببێتەوە.