دەوڵەتی یاسا پەلە لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی عێراق دەکات
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هەنگاوەكانی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی عێراق خێراتر كردووە، ڕەشنووسی هەمواریی یاساكەی بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار ناردووە و داوای لە سەرۆككۆمار كردووە هەموارەكە ڕەوانەی پەرلەمان بكات.
"یاسای هەڵبژاردن دەبێت هەموار بكرێتەوە." نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمەی كردووە بە قسەی سەر و بنی زمانی، لە هەموو دیدارە مێدیاییەكان چەند جارێكی دووپاتی کردووەتەوە.
مالیكی، هەنگاوەكانی چڕتر كردووەتەوە و ڕەشنووسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی بۆ لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق ناردووە، داوای ئەوەی لێ كردووە، ڕەشنووسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن ڕەوانەی حكوومەت بكات تا دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.
بە گوێرەی ئەوەی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بەدی دەكرێت، مالیكی، ئەمجارە دەیەوێت لە سەرەتاوە تا كۆتایی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەویستی خۆی بنووسرێتەوە.
لەنێو ئەو ڕەشنووسەی بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار نێردراوە، هاتووە: "هەر كەسێك لە پۆستی حكوومەتی بێت دەبێت شەش مانگ بەر لە هەڵبژاردن دەست لە كار بكێشتەوە بۆ ئەوەی سوود لە پۆستەكەی بۆ كۆكردنەوەی لایەنگر و دەنگدەر نەبینێت."
هاوكات دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسای پەرلەمانی عێراق بە كوردستان 24ـی ڕاگەیاند: "ئەوەی دەگوترێت، لەبارەی ئەو پرسەوە تەنیا دەنگۆیە و لە پەرلەمان هیچ هەنگاوێك كردەیی نەنراوە."
تاوەکوو ئێستەش لایەنەكان بە فەرمی پێشوازییان لە پێداگریی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن نەكردووە.
هاوكات، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە 07-01-2025، تەمەنی یاسایی بەسەر دەچێت و پێویستە كۆمسیۆنێكی دیكە دابمەزرێندرێت، یان تەمەنەكەی درێژ بكرێتەوە، تا ئێستا دووجار تەمەنەكەی درێژ كراوەتەوە، لەبەرئەوەی تا ئێستا چارەی ئەو پرسە نەكراوە.