هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆنفرانس و دیداری ئابووریی سانپترسپۆرگ دەکات
هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریی لە کۆنفرانس و دیدارێکی ئابووریی، دەچێتە ڕووسیا. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانیش ئامانجی بەشداریکردنەکە بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات.
دووشەممە، 18-11-2024، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. محەمەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، سەردانی ڕووسیا دەکات بۆ بەشداریی لە کۆنفرانس، دیدار و پێشانگەی ئابووریی سانپترسپۆرگ."
وەکوو ئەوەی ئاکرەیی باسی کرد "هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی ئەم چالاکییە ئابوورییە کراوە." ڕوونیشی کردەوە "نزیکەی 15 بۆ 20 وەبەرهێنەر و بازرگانانی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان یاوەریی سەرۆکی دەستەی دەستەی وەبەرهێنان دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ ڕووسیا."
ئامانجی سەرەکی بەشداریی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان "ڕاکێشان و زیادکردنی ڕێژەی وەبەرهێنانی ڕووسییە لە هەرێمی کوردستان؛ هەروەها هەوڵ دەدەین ڕێککەوتن و لێکگەیشتن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانیش ئیمزا بکەین."
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئەوەشی خستە ڕوو "شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە ڕووسیا دەبێت، چەندان کۆبوونەوەی گرنگی دەبێت و دەمانەوێت بە دەستێکی پڕەوە بگەڕێینەوە."