سبه‌ی مزگه‌وته‌كانی دهۆك ده‌كرێنه‌وه
ئاسانكاری بۆ دانیشتووانی دهۆك ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
جێگری پارێزگاری دهۆك، "ماجد سه‌ید ساڵح" له كۆنفرانسێكی میدیاییدا، كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (4ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2020) رێكیخست، رایگه‌یاند، سبه‌ی مزگه‌وته‌كانی دهۆك به رووی نوێژخوێناندا ده‌كرێنه‌وه.
ماجد سه‌ید ساڵح، گوتیشی: "له كاتژمێر (06:00)ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه، هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌كرێنه‌وه، كه پێش راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی شه‌ش رۆژیی له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆوه رێگه‌ی كردنه‌وه‌یان پێ‌درابوو.
جێگری پارێزگاری دهۆك تكای له هاووڵاتیانی دانیشتووی پارێزگای دهۆكیش كرد، رێز له بڕیار و رێنماییه‌كانی خۆپارێزی بگرن و خۆیان له درووستكردنی قه‌ره‌باڵغی به دوور بگرن و رێنماییه‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێ بكه‌ن.
روونیشیكرده‌وه، به هۆی ئه‌و داوه‌ته‌ی كرابوو، (52) كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون و بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بۆ ته‌ندروستی دهۆك زۆر به سوود بوو، چونكه توانرا به‌ركه‌وته‌كانی ئه‌و تووشبووانه و ئه‌وانه‌ی له داوه‌ته‌كه به‌شدار بوون، كۆبكرێنه‌وه و پشكنینیان بۆ بكرێت.
هه‌روه‌ها داوایكرد، هاووڵاتیان بۆ كاری پێویست نه‌بێت، نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه و هه‌تا پێیان ده‌كرێت خۆیان له سه‌ردان و سه‌یران بپارێزن.