سوید ژێرزەمینەکانی 240 ساڵ پێش ئێستا بۆ شەڕ نۆژەن دەکاتەوە

سوید
سوید

لە ئەگەری هێرشە ئەتۆمییەکانی ڕووسیا بۆ سەری، سوید ژێرزەمینەکانی 240 ساڵ پێش ئێستا بۆ شەڕ نۆژەن دەکاتەوە و بە نامیلکەیەک داوا لە هاووڵاتییان دەکات، خۆیان لە شەڕ بپارێزن و نان و ئاو و گەرمیی بۆخۆیان مسۆگەر بکەن.

پێنجشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24 لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید ئاشکرای کرد، سوێد نامیلەکەیەکی 31 لاپەڕەیی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا نووسراوە، ئەگەر شەڕ ڕوویدا چۆن خۆمان بپارێزین.

ئاوارە دەڵێت: ماوەیەک پێش ئێستا بایدن واژووی کرد چەکی ئەمەریکا بە ئۆکرانیا بدرێت بۆ ئەوەی شەڕی ڕووسیای پێ بکات، لە بەرامبەر ئەوەدا پوتین گوتی: ئەوانەی شەڕ بەرامبەر ڕووسیا بکەن، دەکەونە بەر هێرشی چەکی ئەتۆمی ڕووسیا، ئەو وڵاتانەشی کە هەر لە سەرەتاوە هاوکاریی ئۆکرانیایان کردووە، دەکەونە بەر هێرشی چەکی ئەتۆمی ڕووسیا.

هەورامی ئاماژەی بەوە کرد، یەکێ لە وڵاتانەی کە هەر لە سەرەتای شەڕەکەوە هاوکاریی ئۆکرانیایان کردووە بە چەک و لۆجیستی و دەرمان و پێداویستییەکانی ژیان، هەموو دەرگاکانی بۆ خەڵکی ئۆکرانیا کردەوە، سوید بوو، بۆیە لە سەرەتای شەڕەکە، بەسەدان تۆن، تانک و چەک و تەقەمەنی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە، هەر لەبەر ئەوە سوێد لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نامیلکەیەکەی بڵاوکردووەتەوە کە لە 31 لاپەڕە پێکهاتووە، تێیدا نووسراوە، ئەگەر شەڕ ڕووبدات، چۆن پارێزگاری لەخۆمان بکەین، دەڵێت: سوید لەگەڵ ڕووسیا یاخود هەر وڵاتێکی دیکە بکەوێتە شەڕەوە، چۆن پارێزگاری لە خۆیان بکەن، لە کوێ خۆیان بپارێزن و چۆن ئاو و خواردن بەدەست بخەن و ئاگر بکەنەوە.

دەشڵێت: سوید هەموو ئەو ژێر زەمینانەی 240 ساڵە بەکارنەهاتوون، نۆژەنیان دەکاتەوە و ئامادەیان دەکات بۆ شەڕ، ئاشکراشی دەکات، پێنج ملیۆن دانە لەو نامیلکەیە لە سوێد بڵاوکراونەتەوە، سەرباری ئەوەی لە تەلەڤزیۆن و ڕادیۆکانیش بڵاو دەکرێنەوە.

ئاوارە ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەند ئەو هەواڵانە دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییانی سویدی دروست کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشتریش ڕووسیا هەڕەشەی لە سوید کردووە، بۆیە خەڵکەکە زۆر نەشڵەژاوە، ئەگەر ڕووسیا هێرشەکە ئەنجام بدات، بۆ سەر وڵاتانی سوید و فینلەند و دانیمارک دەبێت کە زۆرترین یارمەتییان پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە، دەشڵێت: وەزارەتی بەرگریی سوید داوای لە هاووڵاتییان کردووە لە ڕیزی سووپا خۆیان ناونووس بکەن ئەگەر دەیانەوێت پارێزگاری لە سوێد بکەن.