کریستیانۆ رۆناڵدۆ کەی دەگاتە 1000 گۆڵ؟
ئەگەر هەیە ساڵێک و 9 مانگی دیکە بخایەنێت

کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی نەسڕی سعوودی نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکردنی 1000 گۆڵ لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا، بووەتە پرسیار کریستیانۆ کەی دەگاتە ئەم ژمارە گۆڵە؟ لە کاتێکدا نزیکە تەمەنی بگاتە 40 ساڵی.
کریستیانۆ خاوەنی 5 نازناوی باڵۆن دۆر گۆڵەکانی لە کاروانی یاریکردنی بۆ 911 گۆڵ بەرز کردەوە و 89 گۆڵی دیکەی پێویستە بۆ ئەوەی ژمارەی گۆڵەکانی بگەیەنێتە 1000 گۆڵ.
کریستیانۆ لە ساڵی 2002 ئەو کاتەی بۆ یەکەمجار لەگەڵ سپۆرتینگ لێسبۆنی پۆرتوگالی وەکو یاریزانی پیشەگەر دەرکەوت، تاکو ئێستا لەگەڵ یانەکان و هەڵبژاردەکەی لە 1252 یاریی توانیویەتی 911 گۆڵ بکات، بەڕێژەیی لەهەر یارییەکدا 0.73 گۆڵی کردووە.
بە پشتبەستن بەم رێژەیە، کریستیانۆ پێویستی بە ئەنجامدانی 122 یاریی دیکەیە بۆ ئەوەی 89 گۆڵ بکات و بگاتە گۆڵی ژمارە 1000 لە مێژوویدا.
کریستیانۆ لە زستانی 2023 پەیوەندی بە نەسڕی سعوودی کرد و لەو کاتەوە تا ئێستا لەگەڵ ئەم یانەیە و هەڵبژاردەکەی بەشداریی 107 یاریی کردووە و 92 گۆڵی تۆمار کردووە، مانای ئەوەیە کریستیانۆ رێژەی گۆڵکردنی بۆ 0.86 بەرزبووەتەوە لە یارییەکدا، بە پشتبەستن بەم رێژەیە نوێیە کریستیانۆ 104 یاریی دیکەی پێویستە بۆ گەیشتن بە 1000 گۆڵ.
ئەگەر کریستیانۆ لەم رێژە گۆڵکردنە بەردەوام بێت، دوای ساڵێک و 9 مانگی دیکە دەگاتە گۆڵی ژمارە 1000 لە مێژوویدا، واتە لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی 2026، ئەوکاتەش کریستیانۆ تەمەنی 42 ساڵی تێپەڕ دەکات.