زیاتر لە 200 کۆچبەری نایاسایی لە خنکان ڕزگار کران
هێزەکانی پاسەوانی سنووری دەریایی تورکیا، لە ئۆپراسیۆنێکدا زیاتر لە 200 کۆچبەری نایاساییان لە کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر لە خنکان ڕزگار کرد، کە زیاتر لە 70یان منداڵن.
مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، تیمەکانی فەرماندەیی پاسەوانی دەریایی پاڵپشت بە زانیاریی گیرخواردنی دەیان کۆچبەری نایاسایی و پەککەوتنی دوو بەلەم لە ناوەڕاستی دەریا، لە نزیک کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر ئۆپراسیۆنێکی ڕزگارکردن و فریاکەوتنیان کردووە و توانیویانە زیاتر لە 200 کۆچبەری نایاسایی لە خنکان ڕزگار بکەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی پاسەوانی دەریایی تورکیا دوو ئۆپراسیۆنی جیادا، لە یەکەمیاندا 110 کۆچبەری نایاسایی لە نێو بەلەمێکی پەککەوتووی پلاستیکی لە مەترسی ڕزگار بکەن، کە 47یان منداڵ بوون.
لە ئۆپراسیۆنی دووەمیشدا لە کەناراوەکانی ناوچەی کارابورون هەر لە سنووری پارێزگای ئیزمیر لە بەلەمێکی دیکەدا 99 کۆچبەری دیکەی نایاسایی لە خنکان ڕزگار کراون، کە 26یان منداڵ بوون.
هەرچەندە ناسنامەی کۆچبەرە ڕزگارکراوەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پاسەوانی دەریایی تورکیا ڕایگەیاندووە "دوای ڕزگارکردنیان، سەرجەم کۆچبەرەکان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچبەرانی پارێزگای ئیزمیر کراون بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرانبەریان بگیرێتەبەر، چونکە بەنیازبوون لە ڕێگەی قاچاخەوە بەرەو یۆنان و وڵاتانی ئەورووپا بچن."