ئالان حەمە سەعید: زیاتر لە 33 هەزار قوتابی گەڕاونەتەوە بەر خوێندن

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف، کار لەسەر دوو پرۆژەی بە دیجیتاڵکردن دەکەین، لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ هەموو قوتابیان دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردن.

پێنجشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2024، ئالان حەمە سعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو قوتابییانەی کە ماوەیەک بەسەر خوێندنەکانیان تێپەڕبووە، دەبێت لە گشتاندنی خۆماندا ئەم بابەتە ڕەچاو بکەین و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەروەردەی شارۆچکەکانی لێ ئاگادار دەکەینەوە."

وەزیری پەروەردە دەڵێت: "سوپاسی ڕێکخراوی یونسێف دەکەین پاڵپشتییەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە لە پرۆژەکانماندا، کە هەر ئێستە کار لەسەر دوو پرۆژەی دیکەی بە دیجیتاڵکردن لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف دەکەین. بەشێکیان لە ئایندەیەکی نزیک بۆ هەموو قوتابیان دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردن."

دەشڵێت: "پرۆژەی دووەمیش لە بەهاری ساڵی ئایندە دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردن؛ سوپاسی هەموو مامۆستا و فەرمانبەران دەکەم کە بەشدارن لەم پرۆسەیە، سوپاسی بەڕیوەبەرایەتیی  پلاندانانی وەزرەتی پەروەرەدە دەکەم کە ڕۆڵێکی گرنگیان بینیووە."

باسی لەوەش کرد "داتاکان بە شەفافی لە وێبسایتێک تۆمار دەکرێن لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر کراوە دەتوانن ئەو داتایانە ببینن."

ئاماژەی بەوەش کرد "گەڕاندنەوە بۆ خوێندن تەنیا ژمارە نییە پێشکەش بکرێت بەڵکو پرۆسەی گەڕانەوە بۆ خوێندن شیکاری تیدایە کە هۆکانی دابڕان لە خوێندن چین؟"

ئالان حەمە سەعید ڕاشیگەیاند "هەروەها 6 هەزار 687 قوتابی گەڕاوەتەوە خوێندن و 26 هەزار 384 قوتابی پێشتر گەڕاونەتەوە خوێندن، کۆی هەردوو قۆناغەکە زیاتر لە 33 هەزار قوتابی لەو ڕێگەیەوە گەڕاونەتەوە بەر خوێندن."