ئەمڕۆ شاندی پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە
پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە، لە شاری سلێمانی کۆ دەبنەوە.
دڵشاد شەهاب، ئەندامی لیژنەی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە، 30-11-2024، شاندی دانوستانکاری پارتی، لە بەردەوامی دیدار و سەردانەکانیدا بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکارە یاساییەکانی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات لە شاری سلێمانی.
شایەنی ئاماژەیە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سباح پێک دێت. شاندی یەکێتییش لە قوباد تاڵەبانی، ڕێواس فایەق، ڕزگاری حاجی حەمە، سالار سەرحەد و سەمیر هەورامی پێک هاتووە.