شەڕی نەهەنگ و قرشەکان لە کەنداوی کالیفۆرنیا

وا دیارە شەڕی ڕێکخراو سنووری مرۆڤی بەزاندووە و گەیشتووەتە جیهانی ئاژەڵان، ئەوەتا نەهەنگە گۆشتخۆرەکانی ناسراو بە (ئورکا) شەڕیان بەرانبەر بە قرشە زەبەللاحەکانی کەنداوی کالیفۆرنیا هەڵگیرساندووە!

زاناکان، چاودێریی ئەو نەهەنگانەیان کردووە کە چۆن بە نەخشەی جەنگیی ڕێکخراو، هێرش دەکەنە سەر قرشەکان؛ زانا مەکسیکی و ئەمەریکاییەکان دەڵێن:

"لەوە دەچێت ئەم نەهەنگانە بە تازەیی فێری ئەم جۆرە هێرش و پەلامارە ڕێکخراوە بووبن، چونکە پێشتر شتی وا تێبینی نەکراوە."

زانای بواری زیندەوەرانی دەریایی، ئێریک هیگرا ڕیفاس، لە گۆڤاری Frontiers in Marine Science.، نووسیویەتی: "ئێمە دەبینین کە چۆن ئەو نەهەنگانە بە هاوکاریی و هەماهەنگییەکی ڕێک، پێکەوە هێرش دەکەنە سەر قرشەکان و ناوقەدیان دەپچڕن ئەمجا جەرگە چەورەکانیان دەخۆن"

قرشەکان، لەم وەرزەی ساڵدا بۆ ڕاوی ماسییە بچووکەکان دێنە کەنداوی کالیفۆرنیا، هەر لەم کاتەدا بۆخۆیان دەبنە نێچیری نەهەنگەکانی ئورکا.

سەرچاوە/  ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی