کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هەڵگیرا

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ڕەهای ئامادەبووان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە، 02-12-2024ـی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا. 

بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان

بەیانیی دووشەممە، 02-12-2024، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، سروودی نیشتمانی و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان؛ دەستی پێ کرد و بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولە، محەممەد سلێمان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سەرۆکایەتی کرد.

97 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەشدارییان لە یەکەم کۆبوونەوەکەدا کرد و هەموویان سوێندی یاساییان خوارد. 

دەرکردنی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی دادگەریی

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "بەهۆی بەشداریی هێرۆ عەتار، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانە دیزاینکراوەکەدا، بڕیارمان دا بە دەرکردنی ناوبراو لە ڕیزەکانی کۆمەڵی دادگەری."

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دووپاتی کردەوە "هەر کاندیدێکی دەرچوویان، ئەگەر پابەندی بڕیاری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان نەبێت، لە ڕیزەکانی کۆمەڵ دەردەکرێت."