لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانی: ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جامڕەش، کاریگەری کردووەتە سەر ناووبانگی شارەکە
لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییه‌كی بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه به چه‌ند بڕیارێك ده‌كات له‌پێناو پاراستنی ناووبانگی شاره‌كه و هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی له ڕووی ئاسایش و سه‌روه‌ریی یاساوه.
دووشه‌ممه، 2ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییه‌كی بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، سوارڕەوی (ئۆتۆمبێل)ـی بێسەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جامڕەش بە شێوەیەکی نایاسایی خەریکە دەبێتە دیاردەیەک لەسەر شەقامەکانی شاره‌كه و ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ناووناوبانگی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی دروست ده‌كات، هاوكات لە ڕووی ئەمنی و یاسایی و تاوانکارییەوە کاریگەری خراپ و لێکەوتەی مەترسیداری هەیە.
لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی ده‌شڵێت، لە چوارچێوەی ئەم ڕاستییەدا چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركردووه، كه ئه‌مانه‌ن:
1- دەستبەسەرداگرتن و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرانبەر هەر جۆرە سوارڕەوێکی نایاسایی، (بۆ خاوەنەکانیان هەیە کە بیبەنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان) و سەرجەم بازگەکان دەستکراوە دەبن و ڕێگە نادەن دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ئاگادارییه، لەژێر هه‌ر پاساو و بیانوویەک هیچ جۆرە سوارڕەوێکی بێسەرەتا داخلی ناو شاری سلێمانی بكرێت.
2- گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرانبەر هەر جۆرە سوارڕەوێک کە هەڵگری تابلۆی ساختە و نایاسایی بێت.
3- هیچ ڕێگەپێدان و نووسراوێک لە هەر لایەنێک جگە لە بەڵگەنامەی فەرمی و یاسایی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە دەرکراوە، کاریان پێ ناکرێت.
4- ئەم ئاگادارییه لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەیدا ده‌چێته واری جێبه‌جێكردن.
لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی هه‌روه‌ها هێمای بۆ ئه‌وه كردووه، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و سەپاندنی باری ئارامی و سەروەری یاسا و نەهێشتنی هەموو دیاردە دزێوەکان، داوا له دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هاووڵاتییان ده‌كه‌ن لەم پرسەدا هاوکارییان بكه‌ن.